رووداو دیجیتاڵ
یانەی بێشکتاشی تورکی، بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، یارییەکەیان لە یۆرۆپالیگدا بەرامبەر یانەی مەکابی تێل ئاڤیڤی ئیسرائیلی لە تورکیا ناکرێت و لە یاریگەیەکی بێلایەن بەڕێوەدەچێت.
یانەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "لە ترسی دروستبوونی کێشە بەهۆی شەڕی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، دوای راوێژکردن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بڕیاردراوە یاریی نێوان هەردوو یانە لە دەرەوەی خاکی تورکیا بەڕێوەبچێت."
یاریی نێوان هەردوو یانە لە قۆناخی یەکەمی یۆرۆپالیگدا، رۆژی 28ـی ئەم مانگە بڕیاربوو لە یاریگەی بێشکتاش بەڕێوەبچێت، بەڵام یارییەکە دەگوازرێتەوە بۆ یاریگەیەکی بێلایەن لە دەرەوەی توکیا، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکە دیاری نەکراوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و رێکخەرانی یۆرۆپالیگ بەبڕیارەکە رازین و لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو یانە لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی یاریگەی داهاتووی یارییەکە دەستنیشان بکەن.
تاوەکو ئێستا یانەی بێشکتاش لە یۆرۆپالیگدا سێ یارییکردووە، یارییەکی بردووەتەوە و لە دوو یارییدا دۆڕاوە، یانەکە لە پلەی 27ـی ریزبەندی پاڵەوانێتییەکەیە.
یانەی مەکابی تێل ئاڤیڤی ئیسرائیل لەو سێ یارییەدا، هەر سێ یارییەکەی دۆڕاندووە و لە کۆی 36 یانەی بەشدار، لە پلەی 34ـی ریزبەندی یۆرۆپالیگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ