رووداو هەولێر
دوای 20 ساڵ لە دوورکەوتنەوەی شاری هەولێر لە میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکانی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە شاری هەولێر دەستپێبکەن.
پاڵەوانێتییەکە رۆژی 7ـی ئەم مانگە دەستپیدەکات و یارییەکانی ماوەی سێ رۆژ دەخایێنن، کێبرکێکان بەسەرپەرشتی یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە هەردوو یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری و کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەدەچن.
سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە شاری هەولێرن و ئامادەکاری بۆ دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو دەکەن، رێبوار جەباری ئەندامی یەکێتییەکە لەبارەی دوایین ئامادەکارییان لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێمە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی هەردوو یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری و کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدینین کە هەندێک کەموکوڕییان هەیە و بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی نییە، دەبێت بەزووترین کات چارەسەربکرێن، چونکە باشترینەکانی عێراق دێنە هەولێر".
بەپێی ئاماری رێکخەرانی پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، زیاتر لە 70 یانە بەشداری دەکەن، زیاتر لە 1000 یاریزانی کوڕ و کچ لەسەر ئاستی پێشکەوتووان، لاوان لەگەڵ تازەپێگەیشتووان رکابەری لەسەر بردنەوەی جام و میدالیاکان دەکەن.
ئەو ئەندامە کوردەی یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، زیاتر روونیکردەوە "پێشوازییەکی گەرم لەلایەن دام و دەزگا حکومی و ئەمنییەکان و میدیاکاران دەبینم، ئەمە ئومێدێکی گەورەی پێبەخشیووین کە لەنێو کەش و هەوایەکی ئارام پاڵەوانێتییەکە بەسەرکەوتوویی ساز دەکرێت".
هەر لەم پاڵەوانێتییەیەدا راهێنەرانی هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق سەیری ئاستی سەرجەم یاریزانەکان دەکەن و پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکای ئاسیا و عەرەبی دەستنیشاندەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ