پاڵەوانی پۆرتوگال ماڵئاوایی لە سەرکردەکەی دەکات

05-11-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆبن ئامۆریم سپۆرتینگ لیشبۆنە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە چامپیۆنزلیگدا، یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە دوایین یاریی لەژێر سەرپەرشتی رۆبن ئامۆریم ئەنجامدەدات و بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاری دەکەن.
 
سپۆرتینگ رۆژی دووشەممە دوایین مەشقەکانی لە ئەکادیمیای کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەنجامدا، ئەمشەو لە یاریگەی خۆسێ ئەلڤالادێ میوانداریی مانچێستەر سیتی دەکات و ئەمە دوایین یاریی رۆبن ئامۆریم دەبێت، وەکو راهێنەری یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا و بەر لەوەی لە پرێمەرلیگدا ببێتە راهێنەری مان یونایتد و رکابەری هەمیشەیی مان سیتی، لە چامپیۆنزلیگدا خۆی بەرامبەر ئەو یانەیە تاقیدەکاتەوە.
 
سپۆرتینگ لیشبۆنە لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی پۆرتوگال لە 10 یارییدا 10 بردنەوەی هەیە و لە سێ یاریی چامپیۆنزلیگدا دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا نەدۆڕاوە، ئامۆریم نایەوێت بە دۆڕانەوە ماڵئاوایی لە یانەکەی بکات.
 
رۆبن ئامۆریم، پێشتر گرێبەستکردنی لەلایەن یانەی مانچێستەر یونایتدەوە راگەیێنراوە و رۆژی دووشەممەی داهاتوو پەیوەندی بەو یانەیەوە دەکات بۆ ئەوەی قۆناخێکی نوێ لە کاروانی راهێنەرایەتیکردنی دەستپێبکات.
 
ئامۆریم بەر لە یارییەکە گوتی "کاتێک سەیری 11 یاریزانی پێکهاتەی مانچێستەر سیتی و کورسی یەدەگی یانەکە دەکەیت، تێدەگەیت کە تیپەکە زۆر زەحمەتە، زۆر زەحمەت دەتوانیت ئەرکی یاریزانەکان لە پێکهاتەکەدا دیاری بکەیت، پێویستە لە باشترین ئاستی خۆماندابین و دەمانەوێت یارییەکە ببەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە