ریال مەدرید بەدوای قەرەبووی کلاسیکۆدا دەگەڕێت و لیڤەرپوول پێشوازی لە ئەستێرەکەی پێشووی دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی ریال مەدرید یانەی میلان یانەی لیڤەرپوول چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گەڕی چوارەمی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکەن. ریال مەدریدی ئیسپانی دەیەوێ قەرەبووی شکستە قورسەکەی کلاسیکۆ بکاتەوە. لە کاتێکدا چابی ئەلۆنسۆ جارێکی دیکە دەچێتەوە یاریگەی ئانفێڵد، بەڵام ئەمجارەیان وەک رکابەری یانەکەی پێشووی.
 
یارییەکانی گەڕەکە بە رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئایندهۆڤنی هۆڵەندی و جیرۆنای ئیسپانی دەستپێدەکەن.
 
هەردوو تیپ لەپاڵەوانێتییەکەدا بەئاستێکی زۆر نزیک لە یەکەوە دەرکەوتوون، جیرۆنا لە سێ یاریی رابردوودا تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا ئایندهۆڤن خاوەنی دوو یەکسانبوون و شکستێکە و بردنەوەی یارییەکە پاڵنەرێکی باش دەبێت بۆ هەردوو یانە، لەپێناو بەردەوامبوون لە پاڵەوانێتییەکە.
 
دینامۆ زاگرینی کرواتی کە شکستێک، یەکسانبوونێک و بردنەوەیەکی هەیە، چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیە لە بەرامبەر سلۆڤان براتیسلاڤای چیکی کە تاکە خاڵێکیشی بەدەستنەهێناوە.
 
پێپ بەرامبەر راهێنەرە نوێیەکەی یونایتد
 
رۆبن ئامۆریم، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بە راهێنەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتد دەستنیشانکرا و دوایین یاریی خۆی لە چامپیۆنزلیگ لەگەڵ سپۆرتینگ لیسبۆنا ئەنجامدەدات، ئەرکی ئاسان نییە بەرامبەر مانچێستەر سیتی و پێپ گواردیۆلا، ئەو دووانەیەی لە داهاتوودا لە پرێمەرلیگ، دەبنە رکابەری راستەوخۆی.
 
بوونی ئامۆریم بەراهێنەری یونایتد، چێژێکی دیکەی بەیارییەکەی ئەمشەوی نێوان لیسبۆنا و سیتی بەخشیووە و هاندەرانی یونایتد زۆرترین بینەری یارییەکە دەبن، تاوەکو بزانن راهێنەرەکەی داهاتوویان چۆن رووبەڕووی زەبەلاحەکەی پرێمەرلیگ دەبێتەوە.
 
یارییەکە لە لیسبۆنا دەبێت و هاندەرانی یانە پۆرتوگالییەکە هیواخوازن راهێنەرە رۆیشتووەکەیان، لانیکەم بۆ چوارەم یاریی لەسەریەک لە پاڵەوانێتییەکە شکست نەهێنێت و ئومێدی گەیشتنی راستەوخۆ بەقۆناخی داهاتوو بۆ تیپەکە بهێڵێتەوە.
 
لە بەرامبەردا سیتی گیرۆدەی دەستی ژمارەیەکی زۆری پێکانی یاریزانەکانیەتی و پاش دوو شکست بەدوای یەکدا، لە کاراباو کەپ و پرێمەرلیگ، سیتی نایەوێت دووچاری سێیەم شکستی لەسەریەک بێت، لە سێیەم پاڵەوانێتیی جیاواز.
 
ئانفێڵد لە پێشوازیی ئەلۆنسۆدا
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ئێستای بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، ساڵانێکی بەرچاو یاریزانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بوو، بەرلەوەی لەو یانەیەوە روو لە ریال مەدریدی ئیسپانی بکات.
 
ئەلۆنسۆ، هاوینی رابردوو بەربژێرێکی گەورە بوو بۆ مەشقدانی لیڤەرپوول، بەرلەوەی ئەو ئەرکە رەتبکاتەوە و رێدزیش پەنا بۆ ئارنی سلۆت ببات، لەپێناو مەشقدانی تیپەکەیدا.
 
هەردوو تیپەکە، تاوەکو ئێستا لە پاڵەوانێتییەکەدا دووچاری شکست نەبوون، لیڤەرپوول هاوتای ئاستۆن ڤێلا بەسێ بردنەوە لە پێشەنگی پاڵەوانێتییەکەیە، لە کاتێکدا لیڤەرکوزن بەدوو بردنەوە و یەکسانبوونێک لەو دوو یانەیەوە زۆر نزیکە.
 
چاوەکان لەسەر ڤینی دەبن
 
پاش شكستی گەورەی کلاسیکۆ بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر، ریال مەدرید لە باڵۆن دۆریشدا گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، کاتێک خەڵاتەکە بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر نەدرا و رۆدری بەدەستیهێنا.
 
لە دوای ئەو دوو گورزە گەورەیەوە، ریال مەدرید بەفەرمی لە یاریگەکاندا دەرنەکەوتووەتەوە. یاریی تیپەکە بەرامبەر ڤالێنسیا لە لالیگا، بەهۆی لافاو و زریانەوە دواخرا، ئەو پشووە هەلێکی باشبوو بۆ تیپەکە تاوەکو کەمێک هەڵوەستە لەسەر دۆخی خۆی بکات.
 
ریال مەدرید، ئەگەرچی بەرگری لە نازناوەکەی دەکات، بەڵام لە هیچکام لە پاڵەوانێتییەکاندا ئاستێکی باشی پێشان نەداوە.
 
تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی هێشتا خۆی لەگەڵ بوونی کیلیان ئێمباپێدا نەگونجاندووە. میدیاکان دەڵێن پشووەکان، هەلی باشبوون بۆ کارلۆ تاوەکو کێشەکانی تیپەکەی بدۆزێتەوە و چارەسەریان بکات.
 
وەک میدیاکان دەڵێن، پێشبینیکراوە ئەمشەو ئەنچیلۆتی تیپێکی جیاوازتر پێشانی هاندەرانی بدات و کەموکورتییە بەرچاوەکانی یانەکەی چارە کردبێت.
 
ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی میلانی ئیتاڵی دەکات. لە رووی دەروونییەوە یاریزانەکانی پێویستیان بەپشتگیری هاندەرانیان هەیە بۆ هاتنە دەرەوە لە دۆخی خەمۆکانەی هەفتەی رابردوو.
 
میلان، چامپیۆنزلیگی ئەمساڵی بەدوو شکست بەسەریەکەوە بەرامبەر لیڤەرپوول و بایرلیڤەرکوزن دەستپێکردووە، بەڵام لە گەڕی پێشوودا لە کڵەپ بروجی بردووەتەوە.
 
میلان وەک راهێنەرەکەی گوتویەتی، هەوڵدەدات بۆ شکستپێهێنانی ریال مەدرید، سوود لە ستایلی بارسێلۆنا لە کلاسیکۆدا وەربگرێت، بەڵام پێناچێ ئەرکی میلان هەر بەو شێوەیە ئاسان بێت، بەتایبەت کە ریال مەدرید لە جیاتی قەرەبووی رووداوێک، دەبێ قەرەبووی دەیان رووداوی جیاواز بکاتەوە.
 

لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، چاوەکان لەسەر پەرچەکرداری ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەبن پاشئەوەی لە ئاهەنگی باڵۆن دۆردا، تووشی بێئومێدییەکی زۆر بوو. هەمووان دەیانەوێت ڤینی بەدڵخۆشیییەوە ببیننەوە، کاتێک هاوکاریی ریال مەدرید دەکات بۆ بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو.

لیل و یوڤێنتوس
 
ئەمەیان یارییەکی گرنگ دەبێت لە نێوان دوو تیپدا کە هێرشبەرییانە یارییدەکەن و هەردووکیشیان لە ئەنجامەکانیاندا لەیەکدییەوە نزیکن.
 
یوڤێنتوس دوو بردنەوە و شکستێکی هەیە و لیلیش بەهەمان ئەنجامەوە. هەردوو یانە پلەکانی چواردە و پانزەی ریزبەندی خولەکەیان گرتووە و پێشبینی یارییەکی خێرا و پڕ لە هێرش لە هەردووکیان دەکرێت.
 
خشتەی سەرجەم یارییەکانی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ
 
ئایندهۆڤن - جیرۆنا 20:45
سلۆڤان براتیسلاڤا - دینامۆ زاگریت 20:45
سپۆرتینگ - مانچێستەر سیتی 23:00
بۆرووسیا دۆرتمۆند - شتورم گراتس 23:00
ریال مەدرید - میلان 23:00
لیڤەرپوول - بایرلیڤەرکوزن 23:00
لیل - یوڤێنتوس 23:00
بۆڵۆنیا - مۆناکۆ 23:00
سێلتیک - لایپزیگ 23:00

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە