نونۆ سانتۆ بۆ رووداو: تیپەکەمان تەنیا بنزیما نییە و یارییەکەمان بەرامبەر جەوییە زۆر قورس دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نونۆ سانتۆ، راهێنەری یانەی ئیتیحادی سعودی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی قوە جەوییە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تیپەکەمان تەنیا بنزیما نییە و دەبێت هەموو یاریزانەکان بەباشی ئامادەبن."
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی یارییەکەوە کە لە هەولێر ئەنجامدەدرێت، وەڵامی پرسیاری رووداوی لەبارەی بوونی بنزیما لە تیپەکەدا و رۆڵی یاریزانەکە بۆ هاوکاریکردنی یانەکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر سەرکەوتنەکان گوتی "هەموو یارییەک جیاوازە، لەبەرئەوەی رکابەرەکانمان دەگۆڕێن و هەریەکەیان تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە. ئێمە خۆمان بۆ یارییەکە ئامادە دەکەین و تیپەکەمان تەنیا یەک یاریزان و یەک کەس نییە. هەموو ئەوانەی لەم هۆڵەدان ئەوە دەزانن کە تۆپی پێ واتە یەک تیپ و هەموو یاریزانەکان بەشدارن لە تیپەکەدا، هەر بۆیە بوونی تەنیا یەک یاریزان بەس نییە بۆ ئەوەی ئەنجامی یارییەک یەکلا بکەیتەوە."
 
سانتۆ لە وەڵامی رووداودا زیاتر گوتی "لەمەش هەمووی گرنگتر رۆحیەتی تیپەکە و کارکردنمانە وەک یەک تیم، هەمووانیش بەباشترین شێوە وزەی خۆیان بەخەرجدەدەن، ئەمەش ئەو شتەیە کە دەمانەوێت لە یارییەکەی ئەمجارەدا ئەنجامی بدەین."
 
راهێنەرە پۆرتوگالییەکەی یانەی ئیتیحاد زیاتر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دەڵێت "یانەی جەوییە یانەیەکی بەهێزن و بەرگرییەکی رێکخراوییان هەیە و لە هێرشی هەڵگەڕاوە زۆر مەترسیدارن، بەڵام ئەوان خاوەنی چوار خاڵن و ئەگەر بەراستی بیانەوێت سەربکەون دەبێت ئەم  یارییە ببەنەوە، بۆیە پێشبینی یارییەکی جیاواز دەکەم و ئەوان وەکو پێشتر تەنیا بەرگری ناکەن بەڵکو دێنە پێشەوە و بۆشایی بەجێدێڵن."
 
نونۆ سانتۆ لەبارەی خولی سعودیە و پڕۆژەی سعودییەکانەوە گوتی " خولی سعودی پرۆژەیەکی گەورەیە، نازانم دوای پێنج ساڵ چی روودەدات، زۆر شت هەیە پێویستە زیاتر پەرەی پێ بدرێت، وەك یانەکان و ئەکادیمیا و بەهرەدەۆزەرەوەکان، چونکە ئەوەی لە یاریگە دەیبینیت هەموو شتێك نییە و ئەوەی لە پشت پەردەشەوە روودەدات زۆر گرنگە."
 
لەبارەی ئەوەی پێکهاتەی یانەکەی جێگیر نییە، نونۆ دەڵێت "ئەگەر ئاگاداری بارودۆخی تیپەکەم بن هۆکارەکەی بەتەواوی دەزانن، ئێمە شەراحیلیمان لەدەستداوە، فابینۆ و کۆرنادۆ بەهەمان شێوە پێکانیان هەیە، بۆیەش پێکهاتەکەمان جێگیر نییە."
 
رۆژی دووشەممە کاژێر 15:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، هەردوو یانەی قوە جەوییەی عێراقی و ئیتیحادی سعودی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر رووبەڕووی یەکدەبنەوە.