مارسێلۆ هەوادارانی ریال مەدرید شۆک دەکات

05-11-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مارسێلۆ جامی لیبەرتادۆرێس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مارسێلۆی بەرگریکاری بەرازیلیی یانەی فلۆمینێنسی، بە لێدوانێک هەوادارانی یانەی پێشووی، ریال مەدریدی ئیسپانی تووشی شۆک دەکات.
 
مارسێلۆ لەگەڵ یانەکەی توانی بۆ جاری یەکەم لە مێژووی خۆیاندا، جامی لیبەرتادۆرێس ببەنەوە، کە گەورەترین پاڵەوانێتی ئەمریکای باشوورە لەسەر ئاستی یانەکان، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە ئەنجامی 2-1 لە یانەی بۆکا جۆنیۆرزی ئەرجەنتینییان بردەوە.
 
یاریزانی ئێستای فلۆمینێنسی و پێشووی ریال مەدرید، دوای یارییەکە، بردنەوەی نازناوی جامی لیبەرتادۆرێسی بە گرنگترین نازناوی ژیانی وەرزشیی خۆی لەگەڵ ئەو یانانەی کە یاری بۆ کردوون وەسفکرد.
 
مارسیلۆی تەمەن 35 ساڵ، بە میدیاکانی راگەیاند "ئەمە گرنگترین نازناوی ژیانی وەرزشیی منە لەسەر ئاستی یانەکان. لە ریال مەدرید لە من تێدەگەن، چونکە فلۆمینێنسی ئەو یانەیەیە کە منی پێگەیاند و چاودێری کردم".
 
یاریزانی پێشووی یانەی شاهانەی ئیسپانیا، ئاماژەی بەوەشکرد "نازناوێکی زۆر گرنگم بەدەستهێنا لەگەڵ تیپە دڵخوازەکەم، ئەمەش هەموو ئەو پێداویستییانەی پێبەخشیم کە بۆ بنیاتنانی پیشەکەم پێویستن. هیچ شتێک لەوە بەنرختر نییە".
 
مارسێلۆ 16 وەرز لەگەڵ ریال مەدرید یاریکردووە، لەو ماوەیەدا 5 جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، 6 جار نازناوی لالیگا، 5 جار جامی سوپەری ئیسپانیا، 4 جار جامی جیهانی یانەکان، 3 جار جامی سوپەری ئەوروپا و جامی شای ئیسپانیا لە دوو بۆنەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە