پیکێ.. لە شەڕی ژیان و مردنەوە بۆ بوون بە ئەستێرەیەکی لەبیرنەکراو

 
رووداو دیجیتاڵ

جێرارد پیکێ، ئەستێرە و بەرگریکاری ئیسپانی و یانەی بارسێلۆنا، ئەمشەو دوایین یاریی کاروانی وەرزشیی خۆی ئەنجامدەدات و دوای زیاتر لە 25 ساڵ یارییکردن بەیەکجاری وازدەهێنێت و ماڵئاوایی لە یاریگەکان دەکات.
 
پیکێ ناوی تەواوی جێرارد پیکێ بێرنابیۆیە، لە 2ـی شوباتی 1987 لە شاری بارسێلۆنا لە دایکبووە، لە ماڵباتێکی دەوڵەمەند گەورەبووە و یەکێکە لەو یاریزانانەی بۆ خۆشی یاریی تۆپی پێی هەڵبژاردووە.
 
ناوی باوکی خوانە، کەسایەتی و بەڕێوەبەرێکی بازرگانی سەرکەوتوو بووە و پارێزەرە، دایکیشی ناوی مۆنتسێراتە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی بەنێوبانگی تایبەت بە پێکانەکانی بڕبڕەی پشتە لە بارسێلۆنا.
 
پیکێ کاتێک تەمەنی تەنیا 17 مانگ بوو، لە باڵکۆنی ماڵی باپیری یاریی لەگەڵ تۆپ دەکرد، بەڵام لە باڵکۆنەکەدا بەربووەوە و بەخێرایی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، دوای دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە پیکێ بە خەبەر هاتەوە و لە شەڕی ژیان و مردندا براوەبوو.
 
پیکێ لە 1996ـەوە چووە نێو جیهانی تۆپی پێ و لە تەمەنی 10 ساڵیدا پەیوەندیی بە ئەکادیمیای بارسێلۆناوە کردووە، تاوەکو 2004 لەگەڵ تیپی لاوانی ئەو یانەیە مایەوە، دوای ئەوە بەخۆڕایی و بەبێ هیچ گرێبەستێک پەیوەندیی بە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە کرد، چونکە یاریزانەکە تەمەنی بچووک بوو و هیچ گرێبەستێکی پیشەگەرانەی بۆ نەکرا، لە ماوەی چوار ساڵی یارییکردنیدا بۆ یانە ئینگلیزییەکە، جێرارد نازناوێکی پرێمەرلیگ، نازناوێکی قەڵخانی ئینگلتەرا و چامپیۆنزلیگی لەگەڵ یانەکە بردەوە.
 
لە 27-5-2008 بەرگریکارە ئیسپانییەکە بە گرێبەستیکی چوار ساڵە گەرایەوە یانەی بارسێلۆنا و بەرامبەر 5 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵدا واژۆکرا.
 
پیکێ رۆژ لە دوای رۆژ لە بارسادا ئاستی بەرەو پێشەوە دەچوو، بووە یاریزانێکی سەرەکی لە دڵی بەرگری یانەکەدا، تاوەکو بووە ئەستێرەیەکی دیار و لە سەردەمی زێڕینی یانەکەدا رۆڵی گەورەی بینی بۆ بردنەوەی چەندین نازناوی جیاواز لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەوروپا.
 
جێرارد لە ماوەی زیاتر لە 14 ساڵی رابردوودا، 615 یاریی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە کردووە و 52 گۆڵی کردووە، کاروانی یارییکردنی پڕە لە دەستکەوتی جیاواز، 8 نازناوی لالیگا، 7 نازناوی جامی شا، 6 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، 3 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 3 نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا و 3 مۆندیالی یانەکان، دەستکەوتی پیکێن لەگەڵ بلاوگرانا.
 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا پیکێ ماوەی 10 ساڵ بە درێسی لارۆخاوە یارییکردووە، لە 102 یارییدا 5 گۆڵی تۆمارکرد، لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەیە نازناوی یۆرۆی 2008 و مۆندیالی 2010ـی بردەوە.
 
پیکێ لە مۆندیالی 2010 شاکیرای گۆرانیبێژی بەنێوبانگی کۆڵۆمبیی ناسی، لەو کاتەوە تاوەکو چەند مانگێکی کەم لەمەوبەر، پەیوەندییەکی خۆشەویستی بەهێزیان هەبوو و خاوەنی دوو منداڵن بە ناوەکانی ساشا و میلان، بەڵام چیرۆکی ئەوان کۆتاییهات.
 
جێرارد پیکێ، بەهۆی دەوڵەمەندییەکەیەوە و ئەو ئەزموونەی لە یارییکردندا هەیبووە، کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە و زۆرن ئەوانەی پێیان وایە دوای ماڵئاواییکردنی لە یاریگەکان کار بۆ بوون بە سەرۆکی بارسێلۆنا دەکات.