رووداو هەولێر
ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، کاژێر 17:30 یاریی لوتکە لەنێوان یانەی هەولێر و یانەی زەورا بەڕێوەدەچێت.
وەرزی ئەمساڵ یانەی هەولێر ئاستێکی بەرزی بەسەرکردایەتی سەمیر بابۆ پیشانداوە، تیپەکە دوو یاری بردووەتەوە و رکابەری لەسەر وەرگرتنی پێشەنگی ریزبەندی دەکات، ئامانجی یەکەمی بابۆ و یاریزانەکانی بەپاڵپشتی هاندەرانیان بردنەوەی سێ خاڵی دیکەیە.
سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "دوو سەرکەوتنی دەستپێکی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق پاڵنەرێکی باش بوون بۆ یاریزانانمان، بە هەموو تیپەکەم گوتووە کە دەبێت بە رۆحێکی بەهێزەوە بێینە نێو گۆڕەپان و ئەرکمان ئاسان نییە، بەڵام من دەزانم کە هاندەران دەبنە هێزێکی دیکەی ئێمە و دەتوانین دڵیان خۆش بکەین".
لەم یارییەدا چوار یاریزانی یانەی هەولێر بەهۆی پێکان ناتوانن یاری بکەن، تیپەکە دوایین یەکەی خۆی بەشێوەی داخراو و دوور لە چاوی میدیاکان لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری کە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکەیە ئەنجامدا.
شێرکۆ کەریم، کاپتنی یانەی هەولێر، لەبارەی یارییەکەیان گوتی "مۆڕاڵمان بەرزە و ئەمساڵ تیپەکە و بارودۆخەکەمان جیاوازە، دەمانەوێت ململانێ بکەین".
یانەی زەورا هاوشێوەی یانەی هەولێر دوو یاریی رابردووی بردووەتەوە، بەهاوبەشی لەگەڵ هەولێر و نەفتی میسان لە پێشەنگی ریزبەندییە.
ئیبراهیم غازی تاکە ئەستێرەی کوردی تیپەکەیە لە وەرزی نوێدا دوو گۆڵی تۆمارکردووە، ئێستا ئەو بووەتە جێگای بایەخی دەستەی راهێنەران و هاندەرانی یانەکە.
عیسام حەمەد، راهێنەری یانەی زەورا، بۆ رووداوی روونکردەوە "بەردەوام یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی خۆیدا باش یاریدەکات، بەڵام هاتووین سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە، ئیبراهیم غازی یاریزانێکی ئاستبەرزە، بۆیە وەرزی ئەمساڵ گرێبەستمان لەگەڵ واۆژکرد، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم".
دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر ئامادەبوونی هاندەرانی کردووەتە بێبەرامبەر بەمەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین پاڵپشتی هاندەران و بردنەوەی یارییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ