پۆگبا: دێوەزمەکە کۆتاییهات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پۆل پۆگبا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پۆل پۆگبای فەرەنسی، ناوەڕاستکاری یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، دڵخۆشیی خۆی بەبڕیاری دادگای وەرزشی دەربڕی کە ماوەی سزادانی ئەوی کەمکردەوە، پاشئەوەی تۆمەتبارکرا بەبەکارهێنانی وزەبەخش.
 
دادگای نەهێشتنی وزەبەخش، پۆگبای لە 11ی مانگی نۆی ساڵی 2023ەوە راگرت و لە شەشی مانگی دەی هەمان ساڵدا، پۆزەتیڤبوونی پشکنینەکانی دووپاتکردەوە و سزای چوار ساڵ راگرتنی لە یاریکردن بەسەر یاریزانەکاندا لە مانگی دووی ئەمساڵدا سەپاند.
 
دادگای وەرزشی، پاش پێداچوونەوە بەبڕیاری سزادانەکەی پۆگبا، بڕیاریدا ماوەی راگرتنەکەی لە چوار ساڵەوە بکاتە 18 مانگ و بەوەش لە مانگی دووی ساڵی داهاتووەوە پۆگبا دەتوانێت دەست بەئامادەکارییە جەستەییەکانی بکات لە سەرەتای مانگی سێ ساڵی داهاتوودا بگەڕێتەوە یاریگەکان.
 
پۆگبا لە دوای بڕیارەکەی دادگاوە، لە لێدوانی بۆ 'سکای سپۆرت ئیتاڵیا' گوتی، "لە کۆتاییدا دێوەزمەکە کۆتاییهات، دوای بڕیاری دادگای وەرزشی، ئیدی لەمڕۆوە من دەتوانم جارێکی دیکە دوای خەونەکانم بکەوم".
 
 ئەو هەروەها دەڵێ، "من هەمیشە دووپاتمکردووەتەوە کە لە یاساکانی ئاژانسی جیهانیی نەهێشتنی وزەبەخش بەئەنقەست لامنەداوە، بەڵکو تەنیا تەواوکارییەکی خۆراکیم بەکارهێنابوو کە پزیشک بۆی نووسیبووم و ئەویش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر توانستی وەرزشیی من نەدەکرد".
 
یاریزانە فەرەنسییەکە هەروەها دەڵێ، "بەخاوێنی یارییدەکەم و ئەوەشم قبووڵە کە کارەکە تاوانێکە و سزای لەسەرە. دەمەوێت سوپاسی دادوەرانی دادگای وەرزشی بکەم کە لێکدانەوەکانی منیان لە دۆسێیەکەدا قبووڵکرد. ماوەیەکی زۆر ئازاربەخش بوو لە ژیانمدا، چونکە هەموو ئەوەی کردبووم، کەوتبووە بەر هەڕەشە".
 
پۆگبا کە رایگەیاندووە بەتاسەی زۆرەوەیە بۆ گەڕانەوە بۆ یاریگە. ئەگەرچی تەمەنی 31 ساڵە، بەڵام یەکێکە لە یاریزانە فەرەنسییە کاریگەرەکان و پێشبینیکراوە لە دوای گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یوڤێنتوس، هەلی ئەوەی هەبێت بانگهێشتی هەڵبژاردەی فەرەنساش بکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە