بێکهام دەیەوێ گورزێک لە ریال مەدرید بدات

05-10-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ دەیڤد بێکهام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، دەیڤد بێکهامی ئەفسانەی ئینگلیزی، خاوەنی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، لەم ماوەیەی دواییدا دیدارێکی لەگەڵ ئەستێرەیەکی یانەی ریال مەدرید ئەنجامداوە.
 
بەگوێرەی رادیۆی کادینا سێر، دەیڤد بێکهام کە وەک سەرۆک و هاوبەشی خاوەنەداریەتی یانەی ئینتەرمەیامی کاردەکات، لەم دواییانەدا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لوکا مۆدریچ لە کرواتیا ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری گواستنەوەی بۆ ئینتەرمەیامی لە هاوینی داهاتوو.
 
لوکا مۆدریچ، ئێستا گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هەیە و ماوەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزدەا کۆتایی دێت، یاریزانە کرواتییەکەش باشترین کاتەکانی لەگەڵ یانەی مێرێنگێ بەسەر نابات، ئەمەش بەهۆی بەشدارینەکردنی ئەو یاریزانە لە زۆربەی یارییەکەاندا.
 
بەم دواییانە هەواڵە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە مۆدریچ ئاسوودە نییە لە دانیشتنی لەسەر کورسی یەدەگی ریال مەدرید، چونکە کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری مێرینگی بەڵێنی پێدابوو لەم وەرزەدا وەک یاریزانێکی سەرەکی پشتی پێ ببەستێت، هەروەها پێیگوتبوو کە ئەو یاریزانێکی گرنگی پێکهاتەکەی دەبێت و لەسەر ئەو بنەمایە گرێبەستەکەی نوێ کردووەتەوە، بەڵام ئەنچێلۆتی بەڵێنەکەی نەبردووەتە سەر.
 
بەرنامەی بەنێوبانگی ئیسپانی، ئێل چیرێنگیتۆ، ئاشکرایکردووە، مۆدریچ کارگێڕیی یانەی ریال مەدریدیشی ئاگادارکردووەتەوە کە پلانی هەیە ئەگەر دۆخی ئێستای بەو شێوەیە بەردەوام بێت، لە یانەکە دەڕوات، ئەگەرچی ئەو تاوەکو ئێستا لەو بارەیەوە راستەوخۆ قسەی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید نەکردووە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە بەر لە چەند رۆژێک هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی ئینتەرمەیامی هانی بەرپرسانی یانەکەی داوە گرێبەست لەگەڵ لوکا مۆدریچ بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە