ڤینیسیۆس لە مافی خۆی خۆش نابێت

05-10-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس ڤالێنسیا رەگەزپەرستی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ڤینیسیۆس جونیۆر، هێرشبەری بەرازیلی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبەردەم دادوەردا پشتڕاستیکردەوە کە لە یارییەکەی مێستایا بەرامبەر ڤالێنسیا، لە 21ـی ئایاری رابردوودا، رووبەڕووی سووکایەتیی رەگەزپەرستانە بووەتەوە و رەتیکردەوە هیچ داوای لێبوردنێک قبوڵ بکات، لەلایەن ئەوانەی سووکایەتییان پێکردووە.
 
ڤینیسیۆس لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوە ژمارە 10ـی ڤالێنسیا، کە لێکۆڵینەوە لەم رووداوە دەکات، لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە لە دادگایەک لە مەدرید بۆ ماوەی نزیکەی 40 خولەک قسەی بۆ دادوەر کرد.
 
یاریزانەکە دووپاتیکردەوە کە هەست دەکات قوربانیی سووکایەتی رەگەزپەرستانەیە، هەروەها بەنیازە لەسەر ئەوە سکاڵا تۆمار بکات، چونکە پێیوایە ئەو سووکایەتی و رەگەزپەرستییەی بەرامبەری دەکرێت، لەبەر هۆکاری رەگەزی و ئەو راستییەیە کە وەک یاریزانێکی تۆپی پێ جیاوازە.
 
لە وەڵامی پرسیاری پارێزەری بەرگریدا سەبارەت بەو ئاماژانەی ئەو لە یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیادا ئەنجامیدان؟ سەرچاوەکانی نزیک لە دادگا روونیانکردەوە کە یاریزانەکەی ریال مەدرید دانی پێدا ناوە و دووپاتیکردووەتەوە کە بەشێکن لە کارەکتەری خۆیدا وەک یاریزانێکی تۆپی پێ.
 
پارێزەر مانوێل ئیزکیێردۆ، کە بەرگری لە یەکێک لەو سێ گەنجانە دەکات کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 21 ساڵدایە و تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی رق و کینە، گوتی "ڤینیسیۆس هەڵوێستێکی تا راددەیەک خۆبەزلزانی هەبووە، ئەو خۆی دانی بەوەدا ناوە کە ئەوە شتێکی سروشتییە لە تۆپی پێدا".
 
پارێزەرەکە هەروەها دەشڵێت "تێدەگەم لەوەی کاتێک خوڵکی فیکەی بۆ لێدەدەن، ڤینی هەست بەوە دەکات کە یاریزانێکی باشترە لەوانەی دیکە، و بەشێوەیەکی تەواو ناڕاستەوخۆ دان بەوەدا دەنێت کە لەو رۆژەدا هاندەرانی مێستایای وروژاندووە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "پێمانوایە لالیگا بەنیازە کێشەیەکی زۆر گەورەی وەک رەگەزپەرستی لە یاریگای مێستایا گشتگیر بکات".
 
ئەو سێ هاندەرەی ڤالێنسیا، کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 23 ساڵدایە، لەبەردەم دادوەردا گوتەی خۆیان داوە و لە دۆسێیەیەکی کراوەدا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لەسەر تاوانی رق لێبوونەوە، هەرچەندە هەموویان رەتیدەکەنەوە پاڵنەرێکی رەگەزی لە رەفتارەکانیاندا هەبووبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە