محەممەد بن سەلمان کڕینەوەی یانەیەکی دیکەی ئینگلتەرا رەتدەکاتەوە

05-10-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن محەممەد بن سەلمان سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، دوای کڕینەوەی یانەی نیوکاسلی ئینگلیزی کڕینەوەی پشکەکانی یانەیەکی دیکەی پرێمەرلیگ رەتدەکاتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، خاوەنداریەتی یانەی نیوکاسل یونایتد کە سندووقی وەبەرهێنانی سعودیەیە، کڕینەوەی 30٪ـی پشکەکانی یانەیەکی ئینگلتەرای بەرامبەر 700 ملیۆن پاوەند رەتکردووەتەوە و بە ئەگەری زۆریشەوە ئەو یانەیە مانچێستەر یونایتدە.
 
سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە لە مانگی نیسانی 2020 رێککەوتنی لەسەر کڕینەوەی یانەی نیوکاسل کرد، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی بەشێکی یانەکانی ئینگلتەرا کارەکەیان تاوەکو ساڵی رابردوو دواخرا، بەڵام دواجار سندووقەکە بەرامبەر 305 ملیۆن پاوەند یانەیەکەی کڕییەوە و بووە خاوەنی یانەکە.
 
رۆژنامەی میرەری بەریتانی نووسیوویەتی " لە ساڵی 2019 محەممەد بن سەلمان، کە شازدەی جێنشینی سعودیەیە و سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی وڵاتەکەیە ئارەزووی ئەوەی هەبوو هەموو پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد بکڕێتەوە، بەڵام هەوڵەکانی رژد نەبوون و ئەوە رووینەدا."
 
بەستنەوەی یانەی مانچێستەر یونایتد بە سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە لەکاتێکدایە، بەدرێژایی ساڵی رابردوو هاندەرانی یانەکە بەبەرزکردنەوەی بانەری جیاواز دژایەتی خۆیان بۆ خاوەنداریەتی یانەکە پێشاندەدا و داوایاندەکرد ماڵباتی گلایزەر کە خاوەنی یانەکەن واز لە یانەکە بهێنن.
 
نیوکاسل دوای کڕینەوەی لەلایەن سعودیەوە، ئەنجامەکانی رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو باشی دەچن، یانەکە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا لە پلەی حەوتەمی ریزبەندە، لە گواستنەوەی هاوینەشدا گرێبەستێکی گرانبەهای لەگەڵ ئەلیکساندەر ئیسحاق، یاریزانی سوێدی یانەی ریال سۆسیداد واژۆکرد، کە میدیای بەریتانیا دەڵێت 70 ملیۆن یۆرۆ نرخی گرێبەستەکەیە و بەمەش ئەو یاریزانە دەبێتە گرانترین یاریزان گواسترابێتەوە یانەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە