ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دۆڕا و چاڤیش هێرشدەکاتە سەر ناوبژیوان

05-10-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا ئینتەرمیلان چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا دووەم یاریی لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا دۆڕاند، دوای ئەوەی بەرامبەر یانەی ئینتەرمیلان سێ خاڵی لەدەستدا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی ئینتەرمیلان و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە یانە ئیتاڵییەکە دۆڕاند.
 
بارسێلۆنا لە یارییەکەدا کۆنتڕۆڵی تۆپی کرد، بەڵام هیچ مەترسییەکی بۆ سەر گۆڵی ئاندرێ ئونانا نەبوو، بەپێچەوانەوە بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، هاکان چالهانئوگلۆی یاریزانی تورکی یانەی ئینتەرمیلان، لە دەرەوەی ناوچەی سزا لێدانێکی ئاراستەی گۆڵ کرد و ئینتەرمیلانی کردە خاوەنی گۆڵێک.
 
لەنیوەی دووەمدا هەرچەند چاڤی چەند گۆڕانکارییەکی کرد بۆ ئەوەی ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، گۆڵێکیان تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان بەهۆی فاوڵەوە گۆڵەکەی رەتکردەوە، بەمەش یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات و ئینتەرمیلان سێ خاڵی لە یانەی بارسێلۆنا وەرگرت.
 
دوای ئەم دۆڕانە، بارسا دوای سێ یاری تەنیا سێ خاڵی هەیە، ئینتەرمیلان بووە خاوەنی 6 خاڵ و دوای بایرن میونشن لە پلەی دووەمی کۆمەڵەی سێیەمە.
 
ئەوەی لە یارییەکەدا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، رووداوی بەرکەوتنی تۆپ بوو بەدەستی دێنزێل دومفرێسی بەرگریکاری ئینتەرمیلان، یاریزانانی بارسێلۆنا و چاڤی داوای لێدانی سزایان کرد، بەڵام ناوبژیوان نەگەڕایەوە ڤار و درێژەی بە یارییەکەدا، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و میدیای ئیسپانیا دەڵێت " ناحەقی لە بارسێلۆنا کرا."
 
دوای یارییەکە چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا گوتی " لە دۆخەکە تۆڕەم، هیچ تێناگەین، ئەگەر تۆپ بەر دەستی فاتی کەوتووە و فاوڵە، ئەی بۆ ئەوەی ئێمە لێدانی سزا نەبوو، نادادپەروەرییەکی زۆر لە یارییەکەدا کرا و پێویستە ناوبژیوان روونکردنەوە لەبارەی بڕیارەکانی بدات، چونکە بەراستی ئێمە هیچ لێی تێنەگەیشتین."
 
راهێنەری بارسێلۆنا هێشتا گوتی " زوڵم لە ئێمە کرا، بڕیارەکانی ناوبژیوان کاریگەرییەکی خراپی لەسەر تیپەکەم دروستکرد، پێویستە ناوبژیوانەکە روونی بکاتەوە کە بۆچی لێدانی سزای بۆ ئێمە هەژمار نەکرد؟، بەڕاستی دادپەروەر نەبوو لە بڕیاردان."
 
چاڤی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی " دوای دۆڕان لە یارییەکەدا هەست بە دوو دڵی دەکەم، هەڵوێستی ئێمە لە کۆمەڵەکەدا ئاڵۆز دەبێت."
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، دەستەی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە، سکاڵا لە دژی ناوبژیوانی یارییەکە تۆماربکات.

دیمەنەکانی یارییەکە



ئەو دیمەنەی ناڕەزایەتی بارسێلۆنای لێکەوتەوە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە