فلۆرێنتینۆ پێرێز مژدەیەک دەداتە هاندەرانی ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا، دڵی هاندەرانی یانەکەی خۆش کرد و هیوای ئەوەی پێبەخشین، کە لە وەرزی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان دەکات.
 
ریال مەدرید لەم هاوینەدا زۆر نزیکبوو لە گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بکات، بەڵام دواجار بەرپرسانی یانەی پاریس سانجێرمان بە دەستەوارەکانی یانەی شاهانە رازی نەبوون و رێگەیان نەدا ئێمباپێ بچێتە سانتیاگۆ برنابیۆ.
 
بەمدواییە ترسێک لای هاندەرانی ریال مەدرید دروستبووبوو، گوایە ئەگەری ئەوە هەیە ئێمباپێ بەهۆی رۆیشتنی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ ریزەکانی پاریس سانجێرمان، رازی ببێت لەو یانەیە بمێنێتەوە و گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام کیلیان لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا گوتی "ئێستاش بیرکردنەوەی من لەبارەی ویستی رۆیشتن لە پاریس سانجێرمان نەگۆڕاوە".
 
کاتێکیش لێیان پرسی، دوای هاتنی لیۆنێل مێسیش؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "ئەو نایابە، بەڵام من لە ناکاو بڕیار نادەم، زۆر بیرمکردەوە و بڕیاری خۆم داوە".
 
دوای ئەم قسانەی ئەستێرەی فەرەنسی، رۆژنامەڤانێک لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی پرسی، کیلیان ئێمباپێ دێتە ریال مەدرید؟ سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە وەڵامیدا گوتی "هیوادارم لە زستاندا گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ یەکلایی بکەینەوە". 
 
پێرێز زیاتر گوتی "هیوامان وایە لە دوای 1ـی 1ـی 2022 هەموو شتێک چارەسەر بکەین". کە بێگومان ئێمباپێ تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە ناتوانێت یاری بۆ ریال مەدرید بکات، ئگەر لە زستاندا لەگەڵ ریال مەدرید بگاتە رێککەوتنیش.
 
کیلیان ئێمباپێ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی، باسی یانەی ریال مەدرید و هەوڵەکانی ئەو یانەیە بۆ گواستنەوەی کرد و رایگەیاند "کاتێک دەڵێم دەمەوێت بڕۆم، من باسی ریال مەدرید ناکەم، ریال دەستەوارەی پێشکێشکرد، وامزانی کاتی من لە پاریس تەواوبوو، رۆیشتن هەنگاوێکی لۆژیکی داهاتووە، بەڵام ئەمە رووینەدا".
 
کیلیان ئێمباپێ، کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لە هاوینی داهاتوودا  کۆتاییدێت، لەو هەڤەیڤینەدا، زیاتر گوت "من بەو قسەیە تووڕەبووم کە گوتیان ئێمباپێ لە دوایین ساتی بازاڕی گواستنەوەدا یانیش لە هەفتەی کۆتاییدا داوای رۆیشتنی کردووە، چونکە من لە مانگی حەوتدا ئەو داوایەم لە یانەی پاریس سانجێرمان کرد".
 
ئێمباپێ لە گواستنەوەی هاوینی رابردوودا ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەسترابوو، یانە ئیسپانییەکە زۆر هەوڵیدا هاوتا فەرەنسییەکەی رازیبکات بۆ ئەوەی دەستبەرداری کیلیان ببێت، بەڵام پاریس هەموو دەستەوارەیەکی رەتکردەوە.