ئەنتۆنیۆ رودیگێر سەبارەت بە داهاتووی بێدەنگی شکاند

ئەنتۆنیۆ رودیگێر بەرگریکاری یانەی چێڵسی ئینگلیزی سەبارەت بە بڕیاری داهاتووی بێدەنگی شکاند کە باسی ئەوە دەکات لە مێرکاتۆی داهاتوودا پەیوەندی بە چی یانەیەکەوە دەکات.

لە لێدوانێکیدا بەرگریکارەکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا رایگەیاند: "هەستێکی خۆشم هەیە دەربارەی داهاتووم هێشتا بڕیارم نەداوە، بەڵام بە بوونم لە چێڵسی هەستێکی خۆشم پێدەبەخشێت، ئێستا من بۆ ئەو یانە ئینگلیزییە یاری دەکەم، پێموایە ئەو یانەیە بۆ من گونجاوە".

هەروەها سەبارەت بەو بایەخپێدانەی بایرن بە بەرگریکارەکەی چێڵسی رودیگێر گوتی: "گرنگیپێدانی یانەی بایرن  بە من، وام لێدەکات زیاتر هەست بەشانازی بکەم، ئەوە بۆم دەسەلمێنێت، لەم ماوەی دواییدا من کارەکانم بە باشی ئەنجامداوە و لەسەر رێگایەکی دروستم بۆ پێشخستنی ئاستی خۆم".

یانەی بایرن میونشن لە هەریانەیەکی دیکە زیاتر ئامانجییەتی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەنتۆنیۆ رودیگێر بدات، ئەمە لەکاتێکدا سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئیسپانیا باس لەوە دەکەن یانەی بایرن میونشن سوورە لەسەر ئەوەی هاوینی داهاتوو رودیگێر پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات.

بەرگریکارە تەمەن 30 ساڵییەکە دوایین ساڵی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ چڵسی لەندەنی بەڕێدەکات و هاوینی داهاتوو وادەی گرێبەستەکەی بەسەردەچێت و چارەنووسی بە چەند یانەیەکی تۆپی پێی ئەوروپییەوە گرێدراوە، کە دیارترینیان یانەکانی ریال مەدرید و بایرن میونشنی ئەڵمانییە.