یۆرگن کڵۆپ: شایەنی 7 گۆڵەکە بووین

رووداو دیجیتال

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دانی بەوەدانا کە شایەنی ئەو شکستە گەورەیە بوون کە بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا تووشی بوون.

لە گەڕی چوارەمی پرێمەرلیگدا، ئاستۆن ڤێلا شکستێکی گەورەی بە لیڤەرپوولی پاڵەوانی پرێمەرلیگ گەیاندا و 7 - 2 لێیبردەوە.

لەدوای یارییەکە، کڵۆپ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، گوتی "زۆر بە ئاسانی بڕوا بە ئەنجامەکە دەکرێت، چونکە من لەوێ بووم، یەکەمجار پێویستە بڵێین ئاستۆن ڤێلا ئاستێکی زۆر باشی پێشکەش کرد".

هەروەها لەبارەی یاریزانانی ئاستۆن ڤێلاوە، کڵۆپ گوتی "زۆر عاقڵ بوون، لەسەر ئاستی توانای جەستەییشەوە زۆر بەهێزبوون، ئێمە وانەبووین، زۆر دەرفەتمان بۆ رەخسان و سوودمان لێیان وەرنەگرت".

کڵۆپ گوتیشی "نازانم راستدەکەم یان نا، بەڵام دەکرا ئەنجامەکە 7 - 7 تەواوببێت، بەڵام زۆر هەڵەمان کرد".

راهێنەری لیڤەرپوول لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "بەڕاستی ئاستۆن ڤێلا زۆر باشبوو. واتکێنز سەرسامی کردین، بێگومان کاتێک تۆپ دەدەیتە گریلیش ئەو دەتوانێت جووڵە بکات و دەرفەتی گۆڵکردن بڕەخسێنێت".