ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید لە داوی گرانادا رزگاری بوو

رووداو-هەولێر

یانەی ریال مەدرید سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەسەر یانەی گرانادا بەدەستهێنا و پێشەنگی لالیگای پاراست.

ریال لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری گرانادای کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لێبردەوە و پێشەنگی لالیگای قایمترکرد و لە یانەی گراناداش دوورکەوتەوە دوای ئەوەی پێش ئەم یارییە لە پلەی دووەمدا بوو.

لە نیوەی یەکەمدا ریال مەدرید دوو گۆڵیان تۆمارکرد، یەکەمیان لە رێگەی بنزیماوە تۆماریکرا، کە گارێس بەیڵ ئاسیستێکی جوانی بۆ کرد لە خولەکی دووی یارییەکەدا، بەڵام پێش تەواوبوونی نیوەی یەکەم، ئیدین هازارد پاسێکی لەلایەن ڤالڤێردییەوە پێگەیشت و ئەویش خستییە پشتی گۆڵپارێزەوە و یەکەم گۆڵی یەکەمی خۆی لەگەڵ یانەکەی لە لالیگا تۆمارکرد.

 لوکا مۆدریچ کە لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەم بەهۆی پێکانی تۆنی کرووسەوە بەشداری لە یارییەکەدا کرد،  لە خولەکی ٦١ـدا گۆڵی سێیەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد، دوای ئەو گۆڵە یانەی گرانادا گەڕانەوەیەکی سەرنجراکێشیان کرد و دوو گۆڵیان کرد، یەکەمیان بە لێدانی سزا بوو کە ماچیس کردی، ئەوەی دیکەش دۆمینیگێز دوارتێ سوودی لە لێدانی کۆرنەرێک وەرگرت و  کردی بە گۆڵدا، ئەم دوو گۆڵە لە خولەکەکانی ٦٩ و ٧٦ـدا کران، بەڵام بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە ئۆدریۆزۆلا ئاسیستی بۆ خامێس رۆدریگێز کرد کە لە نیوەی دووەمی یارییەکە هاتە نێو یاریگە و گۆڵی چوارەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد و یارییەکەش بە ئەنجامی ٤-٢ کۆتاییهات.

ئێستا یانەی ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی ١٨ خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندییە، گراناداش بەشێوەی کاتی لە پلەی دووەمە و خاوەنی ١٤ خاڵە.