ڤیدیۆ؛ بایرن لە ئالیانز ئارێنا دۆڕا و دۆرتموند و لایپزیگیش نەیانبردەوە

رووداو-هەولێر

گەڕی حەوتەمی یارییەکانی بوندێسلیگای ئەڵمانیا دەستیپێکرد و شکستی بایرن میونشن و بردنەوەی دۆرتموند گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم هەفتەیە بوون.

یانەی بایرن میونشن لە نێو یاریگەی ئالیانز ئارێنا میوانداری یانەی هۆفێنهایمی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر بە دوو گۆڵ پێدۆڕاند و پێشەنگیی خولەکەشی لەمەترسیدایە.

بایرن لە رۆژی خۆیدا نەبوو، هەرچەندە یارییەکە لە خاکی خۆیدا بوو، ئەوان بە مۆڕاڵێكی بەرزەوە هاتنەنێو یاریگەوە چونکە چوارشەممەی رابردوو حەوت گۆڵیان لە تۆتێنهام تۆمارکردبوو، بەڵام تووشی شۆککران، دوای ئەوەی رووبەڕووی بەرگرییەکی تووندی میوانەکەیان بوونەوە، بەوەشەوە نەوەستان و لە نیوەی دووەمدا سێرجیس ئادامیانی ئەرمینی لە خولەکی ٥٤ گۆڵی پێشکەوتنی یانەی هۆفێنهایمی تۆمارکردن، هەرچەندە لە خولەکی ٧٣ ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، کەچی شەش خولەک دواتر ئادامیان گەڕایەوە و دووەم گۆڵی خۆی و یانەکەی بە لێدانێکی جوان تۆمارکرد و یارییەکەیان بردەوە.

لە یارییەکی دیکەی بوندێسلیگادا، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لە دواخولەکی یارییەکەدا دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی فرایبۆرگدا بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەکیان یەکسان بوون.

یارییەکە لە یاریگەی شڤاردڤالد بەڕێوەچوو، دوو گۆڵەکەی دۆرتموند لەلایەن ئاکسێل ڤیتسێل و ئەشرەف حەکیمییەوە تۆمارکران، هەردوو گۆڵەکەی یانەی میوانداریش لەلایەن ڤاڵدشمید و ئاکانجیی بەرگریکەری دۆرتموندەوە بەهەڵە لە خۆیان تۆمارکران.

 

لە بەختی بایرن و دۆرتموند، یانەی لایپزیگیش نەیبردەوە و بەرامبەر بە یانەی بایەر لیڤەرکوزن بە گۆڵێک یەکسان بوو.

ئەگەر لایپزیگ ئەم یارییەی ببردایەتەوە ئەوا دەگەڕایەوە بۆ پێشەنگی خولی ئەڵمانیا، بەڵام لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی لیڤەرکوزن بووەوە و یارییەکەش بە یەکسانی کۆتاییهات.

کیڤن ڤۆلاند گۆڵەکەی لیڤەرکوزنی کرد، بەڵام لە خولەکی ٧٨ـدا کریستۆڤەر ئێنکونکو ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە.

ئێستا بایرن میونشن بە کۆی ١٥ خاڵ لە پلەی یەکەمە، فرایبۆرگ ١٤ خاڵی هەیە و لاپزیگ بە ١٤ خاڵ سێیەمە و لیڤەرکوزنیش بەهەمان رێژەی خاڵی هەیە و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی چوارەمە، یانەی بۆرووسیا دۆرتموندیش ١٢ خاڵی هەیە و لە پلەی حەوتەمە.