وەین روونی جارێکی دیکە سووکایەتی بە رۆناڵدۆ دەکاتەوە

دوێنێ کاژێر 04:52
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن وەین روونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەین روونی ئەستێرەی ئینگلیزی، هێرشبەری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لێدوانێکی ورووژێنەر و مشتومڕهێنەری سەبارەت بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی هاوڕێی پێشووی دا و رایگەیاند "کریستیانۆ کوڕێکی بێزارکەربوو".
 
وەین روونی، لە 2004 تاوەکو 2009 شانبەشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یارییان بۆ  مانچێستەر یونایتد کرد و پێکەوە چەندین نازناویان بۆ ئەو یانەیە بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا روونی چەندجارێک بە لێدوانەکانی رەخنەی لە رۆناڵدۆ گرتووە.
 
رۆناڵدۆ لە هاوینی 2003 لە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەوە پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کرد، هاوینی 2004 مانچێستەر یونایتد گرێبەستێکی لەگەڵ وەین روونی کرد و لە یانەی ئێڤێرتۆنەوە گواستییەوە ئۆڵترافۆرد بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ رۆناڵدۆ سەرکردایەتی هێڵی هێرشبردنی شەیتانە سوورەکان بکەن.
 
روونی لە لێدوانێکی نوێدا کە ماڵپەڕی sportskeeda بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە "رۆناڵدۆ کاتێک یاریزان بوو لە مانچێستەر یونایتد زۆر باش بوو، بەڵام زۆر بێزارکەر بوو".
 
هێرشبەرە ئینگلیزییەکە لە یارییەکی نێوان ئینگلتەرا و پۆرتوگال لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی جیهانی 2006 و ناڕەزایەتییە تووندەکانی رۆناڵدۆی لە ناوبژیوانی یارییەکە و گوشارەکانی لەسەر ناوبژیوانی لەبیر نەکردووە، کە دوای بەریەککەوتنێکی نێوان روونی و ریکاردۆ کارڤالۆی بەرگریکاری پۆرتوگال، رۆناڵدۆ گوشاری خستە سەر راهێنەر و داوایلێکرد روونی هاوڕێی لە مان یونایتد بە کارتی سوور دەربکات و دواجار ناوبژیوانی کارتی سووری بەڕووی روونیدا بەرزکردوە.
 
روونی سەبارەت بەو یارییە، گوتی "من بەهیچ شێوەیەک کێشەم لەگەڵ کریستیانۆ نەبوو، بەڵام ئەو زۆر حەزی لە نواندنە. لە تونێلی چوونە ژووری جلگۆڕین قسەم لەگەڵ کرد و پێمگوت، هیچ کێشەیەکم نییە کە تۆ داوای کارتی سوورم بۆ بکەی، چونکە منیش گێمی یەکەمم  لە هەوڵی ئەوەدا بەسەربرد کە بەهۆی نواندنەوە کارتێکی زەرد وەربگری".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، روونی گوتی "من ئینگلیزم، ئەویش پۆرتوگالییە، کاتێک یاری دەکەین بەهیچ شێوەیەک گرنگی پێنادەم، ئەو هاوڕێی من نییە، بەڵام کاتێک یارییەکەمان تەواو دەکەین، جارێکی دیکە دەبینەوە هاوڕێ".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە