پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ جامی جیهانی هەمووان شۆک دەکات

دوێنێ کاژێر 04:18
دیاری حەسەن
نیشانەکردن پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی 2026 بە چەند ئەنجامێکی شۆکهێنەر دەستی پێکرد.
 
لە درێژەی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی 2026 هەڵبژاردەی ئوسترالیا میوانداری هەڵبژاردەی بەحرەینی کرد، هەر لە سەرەتاوە ئوسترالییەکان بەشێوەیەکی هێرشبەرانەی بەهێزەوە دەستیانپێکرد، بەڵام هێڵی بەرگری بەحرەین وەک دیوارێکی پۆڵایین لەپێش هێرشی ئوسترالییەکاندا وەستا و توانی گۆڵی خۆی بە پاکی بهێڵێتەوە.
 
لە خولەکی 77، کوسینی یەنگی، یاریزانی ئوسترالی بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و ئەو هەڵبژاردەیە پێویست بوو بە 10 یاریزانەوە یاریبکات، بەحرەینییەکان ئەم دۆخەیان قۆستەوە و دوای کۆمەڵێک هێرش، لە خولەکی 89 هاری سوتاری ئوسترالی بە هەڵە گۆڵی پێشکەوتنی بەحرەینی لە تۆڕی هەڵبژاردەکەی خۆیان تۆمارکرد، بەو ئەنجامەش بەحرەین سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا.
 
لە یارییەکی دیکەی پاڵاوتنەکاندا، هەڵبژاردەی ژاپۆن، هەڵبژاردەی چینی گۆڵباران کرد و بە ئەنجامی 7-0 یارییەکەی بردەوە و زەنگی مەترسی بۆ هەموو تیپەکانی دیکەی کۆمەڵەکەی لێدا.
 
هەڵبژاردەی فەلەستین لە یارییەکی دیکەدا میوانی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور بوو، فەلەستینییەکان توانیان هەمووان شۆک بکەن، ‌کە هێڵی بەرگری فەلەستین و گۆڵپارێزە بەتواناکەی هۆکاربوون بۆ ئەوەی فەلەستین بە خاڵێکەوە لە کۆریا بگەڕێتەوە و کاروانی ئەو هەڵبژاردەیە لە پاڵاوتنەکان بەشێوەیەکی باش دەستپێبکات.
 
لە درێژەی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ جامی جیهانی کۆمەڵێک یاری دیکە ئەنجام دەدرێن، ئەوانیش:
 
ئۆزبەکستان - کۆریای باکوور 17:00
عێراق - عومان 19:00
قەتەر - ئیمارات 19:00
ئێران - قیرخیزستان 19:00
سعودیە - ئیندۆنیزیا 21:00
ئوردن - کوەیت 21:00
 
ئەمڕۆ کاژێر 19:00 هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە لە یەکەم یاری خۆیدا لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ جامی جیهانی 2026 رووبەڕووی عومان دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە