دووەم شەڕ لەنێوان فلیک و ئەستێرەیەکی بارسێلۆنادا روویدا

دوێنێ کاژێر 04:09
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا هانزی فلیک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی لامین یامال لەلایەن هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆناوە زۆر بە تووندی هۆشداری پێدرا، ئەمجارە یاریزانێکی دیکەی ئەو یانەیە کەوتە بەر شەپۆلی تووڕەیی فلیک، بەهۆی ئەوەی لە خەودا مابوو، و لە وادەی مەشقەکان دواکەوتبوو.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی بارسا باس لەوە دەکەن کە فلیکی راهێنەری ئەو یانەیە زۆر بە رژدی و بە تووندی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو یاریزانانەی دەکات کە سەرپێچی رێنمایی و یاساکانی دەکەن و دەڵێن "هانسی دۆخێکی گەورەی دیسیپلینی لەنێو تیپەکەدا سەپاندووە و لە هیچ کەسێک قبوڵ ناکات لە یاساکانی دەربچێت، تەنانەت ئەگەر یاریزانی ژمارە یەکی یانەکەش بێت".
 
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژانەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا زۆر بە تووندی مامەڵەی لەگەڵ یەکێک لە یاریزانە گرنگەکانیدا کردووە، بەهۆی ئەوەی سەرپێچی یاساکانی یانەکەی کردووە.
 
ئەو سەرچاوەیە بڵاویکردووەتەوە، فلیک پێش یەکێک لە مەشقەکان، زۆر بە تووندی سەرکۆنەی یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی کردووە، لەبەرئەوەی لە خەودا ماوە و لە کاتی خۆیدا نەگەیشتووەتە بارەگای مەشقەکان.
 
رۆژنامەکە کە ناوی یاریزانەکەی ئاشکرا نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، یاریزانەکە لە راهێنانەکاندا بەشداری نەکردووە، دوای ئەوەی زۆر درەنگ خەوتووە و بەیانی لە خەو هەڵنەستاوە، ئەوەش وایکردووە فلیک زۆر لێی تووڕە ببێت و بە تووندی سەرزەنشتی بکات.
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە، کە لەم هاوینەدا پۆستی راهێنەری بارسێلۆنای وەرگرتووە، لە لالیگادا بەسەرەتایەکی بەهێز دەستیپێکردووە و هەر چوار یاریی یەکەمی بردووەتەوە و پێشەنگی لالیگای گرتووە.
 
هانزی فلیک بەوە ناسراوە کە راهێنەرێکی خاوەن کەسایەتی بەهێزە و زۆر بە تووندی مامەڵە لەگەڵ یاریزانەکانی دەکات و ئەوانەی سەرپێچی دەکەن سزایان دەدات.
 
مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، بەر لە چەند رۆژێک ئاشکرایکرد کە فلیک پێشتر هۆشداری تووندی داوەتە لامین یامال بەهۆی دواکەوتن لە مەشقەکان و نووسیبووی "بۆ ماوەی چەند رۆژێکە لە دوو قۆناخدا، لە بەیانیان و پاشنیوەڕۆدا، مەشق و راهێنان بە یاریزانەکانی دەکات، بەڵام لە یەکێک لەو راهێنانانەدا لامین یامال ئامادە نەبووە؛ ئەمەش لەلایەن فلیکەوە قبوڵ نەکراوە و لەبەردەم هاوڕێکانیدا سەرزەنشتی کردووە و تەنانەت هەڕەشەسی لێکردووە و بەسەریدا هاوار کردووە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، فلیک هەمان رەفتاری لەگەڵ یامال دووبارە کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی جارێکی دیکە، پێش مەشق و راهێنانەکان ئامادەنەبووە، کە راهێنەرەکە داوایکردبوو هەمووان ئامادەبن، چونکە دەیویست قسە بۆ یاریزانەکانی بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە