هەواڵە خۆشەکە گەیشتە فلیک

رووداو دیجیتاڵ

فرێنکی دی یۆنگ، یاریزانی هۆڵەندیی یانەی بارسێلۆنا، هەواڵێکی خۆشی بە هانزی فلیکی راهێنەرە ئەڵمانییەکەی دا، بەڵام داوایەکی بارسێلۆنای رەتکردەوە.
 
دی یۆنگ لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە بەهۆی پێکانێکی قورس لە پاژنەی پێیەوە لە یاریگاکان دوورکەوتەوە، کە سەرەتا بڕیاربوو لە ماوەی 4-5 هەفتەدا بگەڕێتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە یاریزانەکە بەتەواوی چاکنەبووەتەوە و 5 مانگ دوورکەوتەوە.
 
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە دی یۆنگ کە قسەیان لەگەڵ تۆڕی ریلیڤۆ کردووە، گەڕانەوەی نزیکە و پێدەچێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا پەیوەندی بە مەشق و راهێنانەکانی بارساوە بکاتەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی بارسێلۆنا نیگەرانی دی یۆنگ بوونە، و پێیان باش بووە کە نەشتەرگەری ئەنجام بدات بۆ ئەوەی کێشەکە بۆ هەمیشەیی چارەسەر بکات، بەڵام دی یۆنگ رەتیکردەوە، و ئامانجی ئەوەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەڕێتەوە یاریگاکان.
 
هانزی فلیکی راهێنەر، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی دی یۆنگ دەکات بۆ بەشداریکردن، بەتایبەتی دوای ئەوەی مارک بێرناڵی گەنج تووشی پچڕانی بەستەرێکی ئەژنۆ بوو.
 
فلیک لە ماوەی داهاتوودا 3 بژاردەی هەیە لە پۆستی ناوەڕاستی بەرگریدا، ئەوانیش مارک کاسادۆ، پێدری، و ئێریک گارسیا، هەروەها بەهۆی زۆری و چڕی خشتەی یارییەکانی قۆناخی داهاتوو، ئەستێرە هۆڵەندییەکە دەبێتە زیادەیەکی بەنرخ بۆ پێکهاتەکە.