ڤیدیۆ؛ مۆراتا هێرش دەکاتە سەر روبیالێس و پشتگیری لە خانمانی وڵاتەکەی دەکات

05-09-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Pierre-Philippe MARCOU / AFP
Photo by Pierre-Philippe MARCOU / AFP
نیشانەکردن ئەلڤارۆ مۆراتا لویس رۆبیالێس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەلڤارۆ مۆراتا، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، هێرش دەکاتە سەر لویس روبیالێسی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و پشتگیریی خۆی بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا دووپات دەکاتەوە. دەشڵێت "لەمەودوا ئێمە دەمانەوێت تەنیا سەرنجمان لەسەر ئەو پرسانە بێت کە پەیوەندییان بە وەرزشەوە هەیە و گرنگی یارییەکانی داهاتوومان دەدەین".
 
ئەلڤارۆ مۆراتا، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، پشتگیری خۆیان بۆ خانمانی ئیسپانیا دووپاتکردەوە.
 
ئەمە پوختەی قسەکانی ئەلڤارۆ مۆراتایە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا:
 
سەرەتا دەمەوێت بڵێم، کە جارێکی دیکە دەمانەوێت شانازی خۆمان دەرببڕین و سوپاسی هەڵبژاردەی نیشتمانیی خانمان بکەین بۆ ئەو دەستکەوتەی لە مۆندیالدا لە سیدنی بەدەستیانهێنا، ئەوان مێژوویان تۆمارکرد و سەرکەوتنەکەیان نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورەی دەکەن لە تۆپی پێی خانمان لە ئیسپانیا. ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئیلهامبەخش دەبێت بۆ زۆر لە خانمان، بۆیە ئێمە پێمانخۆشە هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ یاریزانەکان لە هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا دوای ئەم رووداوە دەرببڕین، کە سەرکەوتنەکەیان شاردەوە. دەمانەوێ ئەو رەفتارانە سەرکۆنە بکەین کە لەلایەن بەڕێز روبیالێسەوە ئەنجامدران، کە شایەن نین بەو رێکخراوەی کە نوێنەرایەتی دەکات. ئێمە بە روونی پشتگیری لە بەهاکانی ئەم وەرزشە دەکەین. دەبێ تۆپی پێی ئیسپانیا سەرچاوەی رێزگرتن، ئیلهامبەخشین، گشتگیری و هەمەچەشنی بێت. دەبێ نموونەیەکی باڵا بێت لە کردارەکانیدا، چ لەنێو یاریگە و چ لە دەرەوەی یاریگەدا. ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم کاتێکی چارەنووسسازداین بۆ داهاتووی تۆپی پێی ئیسپانیا، لە پێش یارییەکانمان بەرامبەر جۆرجیا و قوبرس لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024. لەمەودوا ئێمە دەمانەوێت تەنیا سەرنجمان لەسەر ئەو پرسانە بێت کە پەیوەندییان بە وەرزشەوە هەیە و گرنگی یارییەکانی داهاتوومان دەدەین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە