رووداو دیجیتاڵ
لویس ڤان خال، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، لە لێدوانێکی نوێدا هەرایەکی گەورە دەنێتەوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر فیفا و بەوە تۆماتباری دەکات کە پلانی داناوە بۆ ئەوەی نازناوی مۆندیالی 2022ـی قەتەر بداتە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و کاپتنەکەی لیۆنێل مێسی.
لویس ڤان خال کاتێک لەلایەن رۆژنامەڤانێکەوە چەند پرسیارێکی لێدەکرێت، لە وەڵامێکدا دەڵێت "کاتێک دەبینی ئەرجەنتین چۆن گۆڵ دەکات و ئێمە چۆن گۆڵ دەکەین؟! چۆن هەندێک یاریزانی ئەرجەنتین سنوورەکانیان بەزاند و سزا نەدران؟! من پێموایە هەموو ئەوە پێشتر پلانی بۆ دانراوە".
دواتر رۆژنامەڤانەکە لێیدەپرسێت، مەبەستت چییە؟ ڤان خال لە وەڵامدا دەڵێت "مەبەستم هەموو ئەوەیە کە گوتم".
ئەمجارەش رۆژنامەڤانەکە لێیدەپرسێتەوە، واتا دەبوو مێسی ببێتە پاڵەوانی جیهان؟ ئەویش بەبێ دوودڵی، دەڵێت "من پێموایە، بەڵێ".
دیسان رۆژنامەڤان پێیدەڵێت "چ بەڵگەیەک بۆ ئەوە هەیە؟ ڤان خاڵ دەڵێت "وابزانم ئێستا ئەوەی پێویست بوو گوتم".
پێشبینی دەکرێت فیفا وەڵامی ڤان خاڵ بداتەوە و تەنانەت چاوەڕێ دەکرێت یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین و خودی لیۆنێل مێسیش وەڵامیان بۆ راهێنەرە بەنێوبانگەکەی هۆڵەندا هەبێت.
لە قۆناخی چارەگی کۆتایی مۆندیالی 2022ـی قەتەردا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای یەکسانبوون 2-2 لەگەڵ هۆڵەندا، بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئەرجەنتین گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی، کە لە کاتی یارییەکەدا مێسی چووە لای ڤان خال و بە هەندێک جوڵە گاڵتەی پێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ