ڤیدیۆ؛ نەیمار گەڕایەوە و ئانتۆنی دوورخرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی، گەیشتە شاری بێلێم لە ناوچەی ئەمازۆن لە بەرازیل بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هاوڕێکانی لە هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە بکات.
 
هەڵبژاردەی سامبا لە ئامادەکارییدایە بۆ ئەنجامدانی دوو یاری لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2026.
 
گەڕانەوەی نەیمار بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە کاتێکدایە کە گومان دەکرا بگەڕێتەوە ریزەکانی سامبا، دوای ئەوەی بەرازیل لە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیالی 2022ـی قەتەر لەلایەن هەڵبژاردەی کرواتیاوە دوورخرایەوە. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە هەڵبژاردەی بەرازیل بە ئامادەبوونی سەرجەم یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی، دەست بە مەشقەکانی دەکات بۆ ئەوەی رۆژی هەینی 8ـی9ـی2023  بە میوانداریکردنی بۆلیڤیا دەست بە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بکات.
 
دوای چوار رۆژ هەڵبژاردەی بەرازیل بەرەو لیمای پایتەختی پیرۆ گەشت دەکات و دووەم یاریی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی پیرۆ ئەنجام دەدات.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل، ئانتۆنیی یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بانگهێشت نەکردووە. میدیاکانی بەرازیل باس لەوە دەکەن کە هۆکاری ئەو بانگهێشتنەکردنەی ئانتۆنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دۆستە کۆنەکەی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و بەوە تۆمەتباری کردووە کە تووندوتیژی بەرامبەر ئەنجام داوە.