سعودییەکان دەیانەوێ لە دوایین 48 کاژێردا واژۆ بە محەممەد سەڵاح بکەن

05-09-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح یانەی ئیتیحاد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەرپرسانی یانەی ئیتیحاد جددەی سعودی، سوورن لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسریی یانەی لیڤەرپوول و بۆ ئەو مەبەستە شاندێکیان لە ئینگلتەرایە.
 
سعودییەکان لە کۆتا رۆژەکانی مێرکاتۆی هاوینەدا لە خولی سعودیە، کە دوای 48 کاژێری دیکە دادەخرێت، خۆیان بەدەستەوە نەداوە و دەیانەوێ لەم دوو رۆژەدا رەزامەندی لیڤەرپوول و واژۆی سەڵاح بەدەستبێنن. 
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی بەریتانیا، لە شەممەی رابردووەوە شاندێکی سعودی گەیشتووەتە لەندەن و بەنیازن لەم هەفتەیەدا هەوڵی کۆتایی بدەن بۆ رازیکردنی لیڤەرپوول بۆ فرۆشتنی محەممەد سەڵاح.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، دوایین دەستەوارەی فەرمی یانە سعودییەکە بۆ سەڵاح، بە بڕی 150 ملیۆن پاوەند بووە، و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەدەست لیڤەرپوول گەیشتووە.
 
روونیشیانکردووەتەوە، بەرپرسانی یانەی ئیتیحاد لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا نرخی دەستەوارەکەیان بۆ 200 ملیۆن پاوەند بەرز دەکەنەوە (دەبێتە گرانترین دەستەوارە لە مێژووی پرێمەرلیگدا).
 
بەگوێرەی میدیاکانی سعودیە بێت، ئەستێرەی میسری لاری نییە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خولی سعودیەوە بکات.
 
محەممەد سەڵاح، لە دوایین یاریی لیڤەرپوول، لە گەڕی چوارەمی پرێمەرلیگدا، گۆڵێکی تۆمارکرد لە کاتی بردنەوەی لە ئاستۆن ڤێلا بە ئەنجامی 3-0.
 
یۆرگن کڵۆپ، پێش یارییەکە سەبارەت بەم چیرۆکە، گوتی "مێزێکی گەورەم لە ئۆفیسەکەمدا هەیە، کاخەزێکی زۆری لەسەرە، لاپتۆپێک و ئایپادێکم هەیە، هیچیان سەرقاڵی ئەم هەواڵە نین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە