ڤیدیۆ؛ یانەی دهۆک سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمارکرد

05-09-2022
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
دهۆک
دهۆک
A+ A-
لە میانی یارییەکانی قۆناخی پلەی ئۆفی خولی نایابی عێراق، یانەی دهۆک بە لێدانی یەکلاکەرەوە توانی بەسەر یانەی ناسرییە سەربکەوێت و بگاتە قۆناخی پلەی ئۆف.
 
یارییەکە لە یاریگەی نێودەوڵەتی بەغداد  بەڕێوەچوو، لە سەرتای گێمی یەکەم لە خولەکی 15 وەلید سلێمان گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی دهۆک تۆمار کرد، دوای حەوت خولەک کەریم دلی دهۆکی کردە خاوەنی گۆڵی دووەم، بەڵام لە خولەکی 25ی گێمی یەکەم حسێن تاڵب جیاوازییەکەی لەبەرژەوەندی ناسرییە کەمکردەوە و گێمی یەکەم لە بەرژەوەندی نوێنەرەکەی کوردستان بە ئەنجامی 2-1 کۆتایی هات.
 
گێمی دووەم تاوەکو خولەکی 75 ئەنجامی یارییەکە لەبەرژەوەندی دهۆک بوو، بەڵام یانەی ناسرییە ئاستێکی باشتریان پێشکێش کرد و جارێکی دیکە لە رێگەی حسێن تاڵب گۆڵی یەکسانبوونیان تۆمار کرد، تاوەکو کاتی یاسایی یارییەکە ئەنجامەکە بە یەکسانبوون بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، پاشان بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنووسی تیپی سەرکەوتوو، پەنا برایە بەر لێدانی یەکلاکەرەوە و دهۆک توانی بە ئەنجامی 5-3 بەسەر ناسرییە سەربکەوێت بۆ قۆناخی کۆتایی.
 
یانەی دهۆک لە قۆناخی کۆتایی پلەی ئۆفی خولی نایابی عێراق رووبەڕووی ئەمانەی بەغداد دەبێتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پێشبینی دەکرێت ئەو یارییە نەکرێت، چونکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە چاوەڕواندەکرێت یانەی قاسم کە وەرزی رابردوو مانەوەی لە خولی نایاب مسۆگەر کردبوو، لە خولەکە بکشێتەوە، بە کشانەوەی یانەی قاسم، بە فەرمی هەریەکە لە یانەکانی دهۆک و ئەمانە بۆ خولی نایابی عێراق سەردەکەون.
 
پەیامنێری رووداو نایف رەمەزان کە لەشاری بەغداد رووماڵی سەرکەوتنەکەی یانەی دهۆکی کرد، بەدرێژایی ماوەی رووماڵەکە چەندین لێدوانی لە یاریزانان و راهێنەری دهۆک وەرگرتبوو.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، عەبدوڵلا جەلال، سەرۆكی یانەی دھۆك  بە رووداوی راگەیاند: "داوا لە ھاندەران دەكەم لە پاڵپشتیكردنی یانەكە بەردەوامبن، تەنیا یەك ھەنگاومان ماوە مێژوو تۆمار بكەین".
 
لەلایەکی دیکەوە سلێمان رەمەزان راهێنەری یانەی دهۆکیش قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "یارییەکی قورس بوو، سەرەتا دوو گۆڵمان تۆمار کرد، ئەمە ئاسانکارییەکی باشی بۆ کردین، بەڵام بەهۆی دوو هەڵەوە سەرکەوتنەکەمان دواکەوت و بەهیوام ئەم هەڵانەی لە یارییەکەی ئەمڕۆ روویدا، لە یاری بەرامبەر ئەمانە دووبارە نەبێتەوە".
 
دوای سەرکەوتنی دهۆک، پارێزگاری دهۆک عەلی تەتەر پیرۆزبایی لە یاریزانان و دەستەی کارگێڕی و هاندەرانی یانەی دهۆک کرد و بردنەوەکەی بە سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ دهۆکییەکان وەسفی کرد. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە