ناکۆکییە ناوخۆییەکان مەترسی دەخەنە سەر هەڵبژاردەی ئێران

05-09-2022
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەر لە بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، کۆمەڵێک کێشە دەوری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێرانیان داوە، لە کاتێکدا ئێرانییەکان خۆیان هیوادارن مێژوو دووبارە بکەنەوە، ئەویش بە جارێکی دیکە بردنەوە لە هەڵبژاردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای رکابەری سەرسەختی سیاسی وڵاتەکەیان، کە بەر لە 24 ساڵ و لە مۆندیالی 1998ـدا سەرکەتنێکی گرنگییان بەسەر ئەمریکییەکاندا بەدەستهێنا.
 
لە کاتێکدا کە ئەم دوو تیپە جارێکی دیکە خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوە ئامادە دەکەن،  حکومەتەکانی هەردوو وڵات لەسەر وردەکاریی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەبارەت بە ئێران، کە لە ساڵی 2015 واژۆ کراوە، ئامادەکاری دەکەن، بەڵام ئامادەکارییەکانی ئەو هەڵبژاردەی ئیران بە هۆی ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان لەسەر رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە.
 
دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی مێهدی تاج وەک سەرۆکی فیدراسیۆنی ئەم یارییە جەماوەرییە، پێشبینییەکان بەهێزتربوون بۆ دوورخستنەوەی دراگان سکۆچیچی راهێنەر، کە کەمتر لە 3 مانگە ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
 
میدیا وەرزشییە ناوخۆییەکانی ئێران، ئاشکرایانکردووە کە کارلۆس کیرۆشی راهێنەری پێشووی ریال مەدرید، کە لەلایەن تاجەوە وەک راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی لە مۆندیالی 2014 لە بەرازیل دەستنیشانکرابوو، و لە مۆندیالی 2018ـی رووسیاش، کاندیدێکی بەهێزە بۆ جێگرتنەوەی سکۆچیچ.
 
میدیاکانی ئێران هەروەها باس لەوە دەکەن کە هەندێک دەنگ هەن داوای راهێنەرێکی نیشتمانیی دەکەن بۆ راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەکەیان، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەک لە ئەمیر گالێنۆی و جەواد نێکونامی یاریزانانی پێشووی نێودەوڵەتییان کاندید کردووە.
 
ئەم جۆرە کاندیدکردنانە بەتایبەتی لەلایەن هەندێک لە سیاسەتمەدارانەوە هاتووە، کە بە جۆش و خرۆشەوە بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیەی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا چاوەڕێن، لە کاتێکدا یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە نێوان لایەنگرانی مانەوەی سکۆچیچ و نەیارانی بەردەوامبوونی لە سەرۆکی ستافی تەکنیکیدا دابەش دەبن.
 
ئێران مانگی رابردوو بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەرداری سکۆچیچ بوو، سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ گەیشتن مۆندیال، دوای ئەوەی هەڵبژاردەکە لە 18 یارییدا تەنیا دووجار لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا دۆڕا.
 
سکۆچیچ لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام رایگەیاندبوو کەبەرگەی زۆر گوشاری گرتووە، بەمەبەستی سەلماندنی توانای خۆی بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە بۆ گەیشتن بە مۆندیال.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە