سەمیر نەسری بۆ پۆل پۆگبا: پیاوی موسڵمان نابێت دووڕوو بێت

رووداو دیجیتاڵ

 

سەمیر ناسری، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی، هێرشێکی تووندی کردە سەر هاونیشتیمانییەکەی، پۆل پۆگبای یاریزانی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی و گوتی "پۆگبا کەسێکی دووڕوو و دژبەیەکە".
 
بەر لە چەند رۆژێک ماتیاسی برای پۆگبا لە ئینیستاگرام و تویتەرەکەی چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە نهێنیی مەترسیدار و شۆکهێنەر دەربارەی براکەی ئاشکرادەکات، بەوەشی تۆمەتبار کرد کە پەنا دەباتە بەر جادووی رەش بۆ خۆپاراستنو ئازاردنی خەڵکی دیکە، بەتایبەتیش کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا.
 
سەمیر نەسری لەسەر ئەو هەرایەی پۆڵ پۆگبا و براکەی هێناویانەتەوە لێدوانێکی داوە و تێیدا هێرشێکی تووند دەکاتە سەر پۆگبا و دەڵێت "پیاوی موسڵمان نابێت بەو شێوەیە مامەڵە بکات".
 
یاریزانەکەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، رەخنەی لە کارەکانی پۆگبا گرت و گوتی "ئەو کەسێکی دژبەیەک و دووڕوویە".
 
نەسری ئاماژەی بەوەشکرد "پۆگبا موسڵمانە، بۆیە ئەگەر ویستی خۆی لە شتێک بپارێزێت، پێویستە پەنا بباتە بەر خوا نەک سیحر و جادووگەر".
 
فرێدریک ئەنتۆنێتی، راهێنەری پێشووی یانەی میتز، لەو بارەیەوە لێدوانی لەسەر ئەم بابەتە هەبوو، ئەو گوتی "هەندێک یاریزانی ئەفریقیم هەبوو، بانگەشەی ئەوەاین دەکرد کە تیپەکە بەدەست نەفرەتی سیحرەوە دەناڵێنێت، دەرئەنجام میتز دابەزی بۆ خولی یانە پلە دووەکانی فەرەنسا".
 
میدیاکانی فەرەنسا، ئاشکرایانکرد، پۆگبا لەبەردەم پۆلیسدا دانی بەوەدا ناوە كە پەنای بردووەتە بەر جادوو، بەڵام بەرامبەر کیلیان ئێمباپێی هاوڕێی و هێرشبەری پاریس سانجێرمان نا.
 
پۆگبا لە دانیشتنی لێکۆڵینەوەکەدا پاساوی بۆ کارەکانی بەوە ناوەتەوە کە لە چوارچێوەی یارمەتیدانی دامەزراوەیەکی خێرخوازیدا بووە، کە چاودێری منداڵان لە ئەفریقا دەکات.
 
ماتیاسی برای پۆل، پێشتر لە رێگەی ڤیدیۆکانییەوە رایگەیاندووە "هاندەرانی فەرەنسی، ئیتاڵی، ئینگلیزی و ئیسپانی شایەنی ئەوەن هەندێک راستی بزانن".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هەموو جیهان بزانێت، بە هاندەرانی براکەم و هەڵبژاردەی فەرەنسا و یوڤێنتوسیشەوە، هەروەها سپۆنسەرەکانیش.
 
ئەو زیاتر دەڵێت "پێویستە زانیاری وەربگرن و بڕیار بدەن لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئایا پۆلی برای شایەنی رێز و خۆشەویستی هاندەرانە یان نا، هەروەها ئایا شایەنی ئەوەیە یاری بۆ یوڤێنتوس بکات و لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەشداری لە مۆندیالدا بکات؟!".
 
ماتیاس شتێکی زۆر مەترسیداری لەبارەی کیلیان ئیمباپێشەوە ئاشکراکرد و گوتی "پۆلی برام جادووگەرێکی بە پارە گرتبوو بۆ ئەوەی بە سیحری رەش ئازار بە ئێمباپێ بگەینێت".