گۆڕەپان و مەیدانی یانەی زاخۆ ئامادەیە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ناوەڕاستی مانگی 10ـی ئەمساڵ یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەکانی عێراق لە شاری بەغدا بەڕێوەبچن، کوڕانی یانەی زاخۆ لە ئامادەکارییەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بەردەوامن.
وەرزی رابردوو یانەی زاخۆ بەشداری یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقی کرد، تیپەکە بە سێ یاریزان بەشداریکرد و فەتاح تەیموور یاریزانی یانەی زاخۆ پلەی یەکەمی لە راکردنی ماوەدرێژ بەدەستهێنا.
رێباز خورشید، راهێنەری گۆڕەپان و مەیدانی یانەی زاخۆ، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "وەرزی ئەمساڵ ئامادەکارییەکانمان باشترن و دەمەوێت یاریزانەکەم ئاستێکی نموونەیی و ریکۆردی عێراقی بشکێنێت، لەبەرئەوەی چوار مانگە راهێنان بۆ پاڵەوانێتییەکە دەکەین".
فەتاح تەیموور پاڵەوانی کورد، خاوەن نازناوی ماراسۆنی نێودەوڵەتی ئیستەنبوڵ، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە دەیان راکردن پلەی یەکەمی بردووەتەوە، هەروەها دوو ساڵە لە راکردنی ماوەدرێژ لەسەر ئاستی عێراق لە پلەکانی پێشەوەیە.
فەتاح تەیموور، یاریزانی یانەی زاخۆ، لەبارەی هەوڵەکانی بۆ وەرزی ئەمساڵ بە رووداوی گوت "دەمەوێت پارێزگاری لە ئەنجامە باشەکانم بکەم، هەروەها چاوم لەوەیە ئەنجام و دەستکەوتە نێودەوڵەتییەکانم زیاد بکەم".