ڤیدیۆ؛ پێشوازییەکی گەورە و شاهانە لە پڵنگی کۆلۆمبیا کرا


رووداو - هەولێر

هاندەرانی یانەی گاڵاتەسەرای تورکی، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش و جیاواز پێشوازییان لە رادەمێل فاڵکاو، ئەستێرەی نوێی یانەکەیان کرد.

دوای ئەوەی تەنیا لەکاتی گەیشتنیدا بۆ ئیستنەبوڵ، یاریزانەکە لەلایەن 25 هەزار هاندەرەوە پێشوازیی لێکرا، لە کاتی ناساندنی ئەو ژمارەیە بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەوە و هاندەرانی گاڵاتەسەرای جارێکی دیکە بەگەورەییەوە بەخێرهاتنی ئەو یاریزانەیان بۆ یانەکەیان کرد.

لەکاتی ناساندنی یاریزانەکەدا لە یاریگەی تورک تێلیکۆم پڵنگە کۆڵۆمبییەکە بەدرێسی ژمارە 9 هاتە نێو یاریگە، لەلایەن 40 هەزار هاندەری یانە تورکییەکەوە بە چەپڵە رێزانەوە پێشوازییەکی گەورە و مێژوویی لەسەر ئاستی تۆپی پێی تورکیا لە یاریزانەکە کرا.

فاڵکاو لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مۆناکۆ، بۆ سێ ساڵ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی گاڵاتەسەرای کرد و بووە 7 یاریزانی نوێ لەم هاوینەدا پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.