عێراق یەکەم تاقیکردنەوە بۆ جامی ئاسیا و جیهان ئەنجامدەدات

05-09-2019
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن عێراق جامی ئاسیا جامی جیهان مۆندیال بەحرەین
A+ A-

رووداو - هەولێر

رکابەرییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە هەردوو جامی جیهانی 2022ـی قەتەر و جامی ئاسیای 2023ـی چین، لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا دەستپێدەکەن و چەند یارییەکی بەهێز و گرنگ بەڕێوەدەچن.

هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یارییدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا، لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا، لەسەر یاریگەی نیشتمانی بەحرەین بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین یارییدەکات، یارییەکەش کاژێر 19:30 بەکاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئەم یارییە دووبارەبوونەوەی یاری کۆتایی جامی رۆژئاوای ئاسیایە، کە مانگێک لەمەوبەر بەحرەین لەنێو خاکی عێراقدا لە هەڵبژاردەکەی بردەوە و نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا بارودۆخی هەڵبژاردەی عێراق تەواو جیاوازە.

عێراق بۆ ئەم یارییە یاریزانە پیشەگەرەکانی گەڕاندووەتەوە و پشتی بەتوانای ئەوان بەستووە، بۆ ئەوەی لە یەکەم هەنگاودا بەسەرکەوتن دەستپێبکات.

بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ، سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق کە دوو هەفتە لەمەوبەر مانەوەی لە پۆستەکەیدا راگەیێندرا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ئەم یارییە تەواو لە یاری کۆتایی جامی رۆژئاوای ئاسیا جیاوازە، ئێمە بۆ یارییەکە ئامادەین و یاریزانە پیشەگەرەکان پاڵپشتێکی بەهێز دەبن.

لەمێژووی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەردوو هەڵبژاردەدا، بەحرەین و عێراق 32 یارییان ئەنجامداوە، هەڵبژاردەی عێراق بەبردنەوەی 14 یاری باڵادەستە، هەڵبژاردەی بەحرەین 5 یاری بردووەتەوە و 13 یاری نێوانیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتوون.

جگە لەم یارییە لەسەر ئاستی ئاسیا چەند یارییەکی دیکە بەڕێوەدەچن کە بەمشێوەیە دەبن.

تایوان - ئوردن 14:10
فیلیپین - سووریا 14:30
هیندستان - عومان 16:30
فەڵەستین - ئوزباکستان 17:00
قەتەر - ئەفغانستان 19:30
کوەیت - نیپال 20:00

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە