لە ئیتاڵیا کار بە کارتی سەوز دەکرێت


رووداو - هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا لە هەفتەی داهاتووەوە کار بە کارتی سەوز دەکات لە نێو یاریگەکاندا لەپاڵ هەردوو کارتی زەرد و سوور کە پێشتر بەکارهێنراون.

هەرچەندە تا ئێستا لە یارییەکاندا، تەنیا کارتی زەرد و سوور بۆ تەمبێکردن و سزادانی ئەو یاریزانانە بەکاردەهێنرێت کە رەفتاری ناوەرزشی ئەنجام دەدەن یان توندوتیژی دەنوێنن، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەڵێ چۆن سزا بۆ یاریزان هەیە لەسەر هەڵە، دەبێ دەستخۆشیش هەبێت بۆ کاری باش.

لەسەر ئەو بنەمایە لە ئیتاڵیا بیرۆکەی پێدانی کارتی سەوز سەری هەڵداوە، ئەو کارتە بەڕووی ئەو یاریزانانەدا بەرزدەکرێتەوە کە باشترین رەوشتی وەرزشییانەی لە یارییەکەدا ئەنجامدابێت، وەک پاداشتکردن.

رۆژنامەی ستامبای ئیتاڵی بڵاویکردەوە، هەفتەی داهاتوو وەک سەرەتایەک لە خولی سیریا بی بەکاردەهێنرێت و دواتر لە خولی سیریا ئەیش بەکاردەهێنرێت.