ڤیدیۆ؛ ئیمان خلیف پەیامێک بۆ جیهان دەنێرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

ئیمان خلیف، خانمە بۆکسێنەری جەزائیری، کە لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا هەرای هێنایەوە، دوای ئەوەی بەوە تۆمەتبارکرا کە پیاوە، لە نوێترین هەڤپەیڤیندا، باسی رەوشی خۆی دەکات و پەیامێک بۆ جیهان دەنێرێت.
 
1- بۆچی دوای بردنەوەکەت لە قۆناخی چارکی کۆتایی گریای؟
 
ئیمان خلیف: نەمتوانی کۆنترۆلی خۆم بکەم، دوای ئەو هەرایەی راگەیاندن و دوای بردنەوەکە، کە لە یەککاتدا دڵخۆشیی هەبوو، لەگەڵ کاریگەرییەکی گەورەی دەروونی، چونکە پرسەکە پەیوەندی بە کەرامەتی مرۆڤەوە هەیە، ئەو شتە بوو کە دوای یارییەکە زۆر کاریگەری بەسەرمەوە هەبوو.
 
2- ئەگەر خانمە بۆکسێنەرە ئیتاڵییەکە لە یارییەکە نەکشابووایەوە ئەو هەموو هەرایە دروست دەبوو؟

 

ئیمان خلیف: بەڕاستی پێتانبڵێم، ئەو خانمە ئیتاڵییە چەند ساڵێکە دەمناسێت.. ساڵانێکە دەچمە ئیتاڵیا و لە شاری ئاسیسی لە هۆڵی ئاسیسی مەشق دەکەم. زۆربەی راهێنەرانی ئیتاڵیا دەمناسن کە هەر لە منداڵییەوە یاریم بۆ هەڵبژاردەکانی نیشتیمانی دەکرد. بەدیاریکراوی ئەو خانمە بۆکسێنەرە باش دەمناسێت و پێکەوە لە ئاسیسی مەشقمان کردووە، ئەوان ئەو هەڵمەتەی راگەیاندنیان قۆستەوە لەدژی من، بەڵام پشتیوان بەخوا ئێمە خۆمان بەدەستەوە نادەین.
 
3- بۆچی ئێستا ئەو هەموو تۆمەتانە درانە پاڵ تۆ، لەکاتێکدا ساڵانێکە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکانی بۆکسێندا دەکەی؟

 

ئیمان خلیف: ئەوە ئەو پرسیارەیە کە منیش دەیکەم و دەڵێم بۆچی تاوەکو ئێستا ئەو پرسەیە نەورووژێنرا؟ ئەو بەلای منەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە من هاتووم و سەرنجم لەسەر ئامانجەکەیە کە ئۆڵیمپیادە. من ئەمڕۆ لە نیوەی کۆتاییدام و پشتیوان بەخوا لە رۆژی خۆمدا دەبم. پشتیوان بەخوا، خوا یارمەتیم دەدات بۆ ئەوەی ئەم دوو قۆناخەش بەسەرکەوتوویی ببڕین.
 
4- کاتێک منداڵ بووی نانت لەسەر شەقامەکان دەفرۆشت بۆ ئەوەی کرێی مەشقەکانی بۆکسێن بدەی، ئێستا پێتوایە ئەو کارە پێویستی بەو هەموو ماندووبوونە بوو؟

 

ئیمان خلیف: چەندین ساڵ بوو راهێنەرەکەم قسەیەکی دەکرد و دەیگوت بەربەستەکان هاندان دروست دەکەن، واتا چەند بەربەست بێنە پێشت ئەوەندە هاندەرت دەبێت بۆ سەرکەوتن، من زۆر بڕوام بەم قسەیە هەبوو. ساڵانێک بەربەستم هاتوونەتە رێگە و ئەو بەربەستانە هاندانیان بۆ من دروست کردووە، پشتیوان بەخوا لە ئاستی خۆمدا دەبم و بە باسترین میدالیا دەردەچین.
 
5- پەیوەندی بە ماڵباتەکەتەوە دەکەی لە جەزائیر؟

 

ئیمان خلیف: من هەفتانە دووجار پەیوەندییان پێودەکەم. خۆزگە کاریگەر نەبن بەوەی بەسەرم هات، ئەوان نیگەرانن. پشتیوان بەخوا ئەو هەرایە بەبردنەوەی میدالیای زێڕ کۆتایی دێت و ئەوە باشترین وەڵام دەبێت.
 
6- پەیامێک بۆ ئەوانەی هەستی مرۆڤەکان بریندار دەکەن؟

 

ئیمان خلیف: من پەیامەکەم ئاراستە تەوای گەلانی جیهان دەکەم و پێیان دەڵێم پابەندبن بە بنەماکانی ئۆڵیمپیاد بەپێی جاڕنامەی ئۆڵیمپی و دوورکەونەوە لە سووکایەتیکردن و بریندارکردنی هەستی هەموو وەرزشوانان، چونکە ئەو کارە زۆر کاریگەری بەسەر وەرزشوانانەوە هەیە و دەتوانێت خەڵکی بڕووخێنێت و بیر و هزریان بکوژێت و نیوانی گەلان تێکدەدات.
 
8- پەیامێکی سوپاسگوزارانە بۆ لیژنەی ئۆڵیمپی نێودەوڵەتی تۆماس باخ؟

 

ئیمان خلیف: دەمەوێت سوپاسی تۆماس باخی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵیمپی نێودەوڵەتی بکەم، کە بەخۆی پەیامێکی بۆ ناردم کە تێیدا هانی دام و پشتگیری خۆی بۆ دووپاتکردمەوە. زۆر سوپاسی لیژنەی ئۆڵیمپی نێودەوڵەتی دەکەم بۆ پشتگیرییەکەی و بۆ ئەوەی کە وشەی حەقی سەرخست. وەک ئێوە دەزانن من لە منداڵییەوە کچێکم ئامانج و خەونم هەیە. من لێرەم لە ئۆڵیمپیاد، لەپێناو خەونەکەم، پشتیوان بەخوا دەتوانم خەونەکەم بێنمە دی
 
7- پەیامێکی سوپاسگوزارانە بۆ جیهان؟

 

ئیمان خلیف: دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم کە پشتگیرییان کردووم، هەموو پیاو و خانمێکی جەزائیری و هەموو گەلی عەرەب و هەموو جیهان، کە پشتیوانم بوون لەم هێرشە ناڕەوایە.