خاوەنی میدالیای زێڕە و بەناچاری لە پارکێکدا دەخەوێت

 
رووداو دیجیتاڵ

مەلەوانێکی ئیتاڵی رەخنەی تووند لە رێکخستنی ئۆڵیمپیاد دەگرێت و بەهۆی خراپی گوندی ئۆڵیمپییەوە لە پارکێکدا دەخەوێت.
 
تۆماس سیکۆن، مەلەوانی ئیتاڵی بۆ بەشداریکردن لە رکارییەکانی ئۆڵیمپیاددا چووەتە پاریس، ئەو لە رێکخستنی گوندی ئۆڵیمپی ناڕازییە و دەڵێت "لە دۆخێکی سەیرداین."
 
تۆماس لەلێدوانێکدا لەبارەی گوندی ئۆڵیمپییەوە دەڵێت "نووستن لە گوندەکەدا زۆر زۆر زەحمەتە، کەشوهەوا زۆر گەرمە، ئامێری فێنککەرەوەی لێ نییە و خواردنەکانیشی زۆر خراپن."
 
مەلەوانە ئیتاڵییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "لە گوندی ئۆڵیمپی بەهۆی بەرزی پلەی گەرما و ژاوەژاو دەناڵێنم و لە دۆخێکی خراپدام."
 
تۆماس لەکاتێکدا ئەم هەموو رەخنەیە لە گوندی ئۆڵیمپی دەگرێت، پێشتر لە رکابەرییەکانی 100 مەتریی پشتە مەلەدا پلەی یەکەم و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
 
گلەییەکانی مەلەوانە ئیتاڵییەکە دوای ئەوە تەقینەوە کە لە سێیەم پێشبڕکێدا لە 200 مەتریدا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ گەیشتن بە قۆناخی کۆتایی رکابەرییەکە و دەڵێت "ژوورەکانی گوندەکە هێندە گەرمن، ناتوانیت تێیدا بخەویت."

 
تۆماس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "گوندەکە هیچ بنەمایەکی تەندروستیی تێدانییە، خواردنی باشمان نییە و ئەو خواردنەی هەیەش کێشەی تێدایە."
 
بڵاوبوونەوەی وێنەی مەلەوانەکە لە پارکێکدا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و فیدراسیۆنی مەلەوانیی ئیتاڵیاش دەڵێت "تەنیا خەوتنێکی کاتی بووە."
 
ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا 22 میدالیای لە ئۆڵیمپیاددا بەدەستهێناوە و 7 میدالیای زێڕە.