خەڵاتە سەیرەکانی ئۆڵیمپیاد.. مانگا، ئۆتۆمبێل، خواردن و گەشتی بێبەرامبەر

 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی ئۆڵیمپی جیهان پاداشتی دارایی ناداتە براوەی یارییە جیاوازەکانی ئۆڵیمپیاد، بەڵام بەشێکی وڵاتان خەڵاتی گەورە، سەرنجڕاکێش و گرانبەها دەخەنە بەردەم وەرزشڤانەکانیان بۆ ئەوەی بە میدالیای زێڕ، زیۆ و برۆنزەوە بگەڕێنەوە.
 
لەنێو ئەو وڵاتانەی خەڵاتی گەورەیان خستووەتە بەردەم یاریزانەکانیان بەشی زۆریان لە کیشوەری ئاسیان و هەمووشیان خەڵاتی گرانبەهایان پێشکێشکردووە، بەشێکیان مانگا، ئۆتۆمبێل، خانووی گرانبەها و پارەیەکی زۆریان بۆ براوەی یارییە جیاوازەکان تەرخان دەکەن.
 
بەشێکی ئەو وڵاتانەی خەڵاتیان بۆ یاریزانە بەشدار و براوەکانیان لە ئۆڵیمپیاددا ئامادەکردووە بەمشێوەیەن.
 
* پۆڵەندا
 
حکومەتی پۆڵەندا بڕیارییداوە ئەوە یاریزانەی لەسەر ئاستی تاک لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا میدالیای زێڕ بباتەوە، 63 هەزار دۆلار وەکو خەڵاتی دارایی پێیدەدرێت، شوقەیەکی دوو ژووری، پارچەی ئەڵماس و تابڵۆیەکی هونەری سەرنجڕاکێش و پێدانی بلیتی ئەنجامدانی گەشتێک بۆ وەرگرتنی پشوویەکی تایبەت وەردەگرێت.
 
جگە لەوە براوەی میدالیاکانی زیۆ و برۆنزیش چەند خەڵاتێکی تایبەتیان پێدەدرێت.
 
* کۆریای باشوور
 
بردنەوەی هەر میدالیایەکی ئۆڵیمپیاد لەلایەن یاریزانانی کۆریای باشوورە، 18 وەرزشڤانی ئەو وڵاتە لە ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی رزگار دەکات، کە بەپێی یاسای ئەو وڵاتە پێویستە هەموو نێرێک بەر لە گەیشتنی بە تەمەنی 28 ساڵی بچێتە خزمەتی سەربازی.
 
پێشتر لە ئۆڵیمپیادی ئاسیا کاتێک کۆریای باشوور پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، لێخۆشبوون بۆ سۆن هیۆنگ مین، ئەستێرەی یانەی تۆتێنهام دەرکرا و نەچووە خزمەتی سەربازی.
 
لە ئۆڵیمپیادی رابردوودا، شەش یاریزانی نیشانەشکاندنی کۆریای باشوور لە کۆی 5 میدالیای زێڕ 4 میدالیایان بردەوە و هەریەکەیان ئۆتۆمبێلێکی هۆندایان بەدیاری وەرگرت.
 
*ئیندۆنیزیا
 
هەریەکە لە ئابریانی رهایۆ و گریسیا پۆلی، کاتێک لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ لەسەر ئاستی دووانە پلەی یەکەمیان لە یاریی بادمینتۆندا بەدەستهێنا، هەریەکەیان بە خانوویەکی گەورە و گرانبەها خەڵاتکران، ئابریانی 5 مانگای بەدیاری پێدرا، پارچەیەک زەوی و خانوویەک لە ناوچەی سولاویزی باشوور وەرگرت کە شوێنی لە دایکبوونی ئەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئەو وڵاتە کۆمپانیای بی تی بیگادایانی حکومەتی بەڵێنی دابوو 3 کیلۆگرام لە زێڕ وەکو دیاری بداتە ئەو دوو یاریزانە.
 
وەزیری گەشتوگوزاری وڵاتەکە ئەو دوو یاریزانەی خەڵاتکرد و 5 گەشتی ناوخۆیی بەشێوەیەکی بێبەرامبەر بۆ هەردوو یاریزانەکە فەراهم کرد.
 
*عێراق
 
هەریەکێک لە یاریزانەکانی تیپی تۆپی پێی هەڵبژاردەی عێراق کە گەیشتوونەتە ئۆڵیمپیاد 9 ملیۆن دینار و پارچەیەک زەوی وەکو دیاری وەردەگرن.
 
عەمار یاسر، یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی ئۆتۆمبێلێک و پارچەیەک زەوی وەکو دیاری وەردەگرێت و بەڵێنی ئەوەی پێدرابوو لە ئەگەری بردنەوەی میدالیای برۆنزی ئۆڵیمپیاد یان باشتر 1 ملیۆن دۆلار وەکو دیاری پێبدرێت.
 
*ئوردن
 
هاوشێوەی وڵاتەکانی دیکە ئەمەشیان خەڵاتی گرانبەها دەداتە وەرزشڤانەکانیان، لە ئۆڵیمپیادی ریۆی 2016، ئەحمەد ئەبو گوش یەکەم میدالیای زێڕی لە تایکواندۆدا بۆ وڵاتەکەی بردەوە، ئەو کاتە 140 هەزار دۆلاری وەکو خەڵاتی دارایی پێدرا و نیوەی ئەو نیوەی ئەوەش درایە راهێنەرەکەی.
 
ئەبو گوش لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئوردن خەڵاتی دیکەی پێدرا، لەوانەش ئۆتۆمبێل، کاتژمێری گرانبەها و لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەمەوە پێشوازیی لێکرا و خەڵاتکرا.
 
*فیلیپین 
 
لە ئۆڵیمپیادی رابردوودا لە تۆکیۆ هیدلین دیاس میدالیای زێڕی بەدەستهێنا، دوو خانووی گرانبەهای پێدرا و لەنێو سوپای وڵاتەکەدا پلەی بەرزکرایەوە.
 
سەرۆکی لیژنەی ئۆڵیمپی فیلیپین رایگەیاند، لەسەر ئەرکی خۆی خانوو و زەوی دەداتە یاریزانە براوەکان.
 
*مالیزیا
 
ئەو وەرزشڤانەی لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا پلەی یەکەم و میدالیای زێڕ دەباتەوە، لەلایەن کۆمپانیای گرابەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ، بەخۆڕایی خواردنی بۆ دابین دەکرێت.
 
کۆمپانیای چێری بڕیارییداوە ئۆتۆمبێلێک بەدیاری پێشکێشبکات و جگە لەوەش شووقەیەکی گرانبەهای پێدەدرێت.
 
*هیندستان
 
لە ئۆڵیمپیادی رابردوودا، کاتێک نیراج شوبرا لە یاریی هەڵدانی رمدا میدالیای زێڕی بردەوە، بۆ ماوەی یەک ساڵ لەلایەن کۆمپانیای ئاندیا گۆوە گەشتی بێبەرامبەر پێشکێشکرا و وەبەرهێنەرێکی ئەو وڵاتەش ئۆتۆمبێلێکی 7 کورسیی بەدیاری دایە ئەو یاریزانە.
 
*هۆنگ کۆنگ
 
حکومەتی هۆنگ کۆنگ بڕیارییداوە ڤیڤیان کۆنگ و لۆنگ شونگی براوەی میدالیای زێڕ لە پاریس خەڵات بکات و هەردووکیان بۆ هەتا هەتایە بێبەرامبەر بە میترۆی وڵاتەکە گەشت دەکەن، جگە لەوە 770 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەدرێتە هەر براوەیەکی میدالیای زێڕ لە ئۆڵیمپیاددا.
 
خەڵاتەکانی هۆنگ کۆنگ هەر هێندە نین، زنجیرەیەک هۆڵی وەرزشی دەدرێتە ئەو 35 وەرزشڤانەی بەناوی هۆنگ کۆنگەوە بەشداری لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس دەکەن.
 
کۆمپانیای کاسی باسیڤیکی فڕۆکەوانی بڕیارییداوە ئەو یاریزانانەی میدالیای زێڕ دەبەنەوە خەڵات بکات و بۆ ماوەی یەک ساڵ گەشتی بێبەرامبەر لە بەرزترین ئاستدا و هاوشێوەی کەسایەتییە بەنێوبانگەکان بە براوەکان بکات.
 
*سەنگاپوور
 
ئەم وڵاتە پێشتر لە ئۆڵیمپیادی ریۆی 2016 لە بەرازیل، بڕیارییدا جۆزێف سکۆلینگ خەڵات بکات کاتێک لە مەلەوانیی 100 مەتری پەپۆلەدا توانیی پێش مایکل فیلیپس بکەوێت.
 
بۆ ماوەی یەک ساڵ بەشێوەیەکی بێبەرامبەر بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها گەشتی پێکرا، هێڵی فڕۆکەوانی وڵاتەکە گەشتی بۆ مەودای 1 ملیۆن میل بێبەرامبەر دایە یاریزانەکە و لەلایەن وڵاتەکەشەوە 750 هەزار دۆلاری وەکو خەڵاتی دارایی پێدرا، ئێستاش هەمان خەڵاتی دارایی دەداتە ئەو یاریزانانەی دەتوانن میدالیای زێڕ ببەنەوە.
 
*کازاخستان
 
هاوشێوەی وڵاتەکانی دیکە ئەمانیش خەڵاتی گرانبەها دەدەنە ئەو یاریزانانەیان کە لە ئۆڵیمپیاددا ئەنجامی باش بەدەستدەهێنن، خەڵاتکردنی یاریزانەکان لە کازاخستان بەپێی ئەنجامی یاریزانەکان دەگۆڕێت.
 
براوەی میدالیای زێڕ شوقەیەکی سێ ژووری وەردەگرێت، براوەی زیو شقەیەکی دوو ژووری و براوەی میدالیای برۆنزیش شووقەیەکی یەک ژووریی پێدەدرێت.
 
*تایوان
 
ئەوەی بۆ تایوان میدالیای زێڕ بباتەوە و ئەنجامی باشی لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا هەبێت، 600 هەزار دۆلار وەکو خەڵاتی دارایی وەردەگرێت و مووچەیەکی بۆ دەبڕدرێتەوە بە 4 هەزار دۆلار.