ئامەدسپۆر یەکەم یاریی لە لیگی یەکی تورکیادا دەکات

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ئامەدسپۆر لە یەکەمین یاریی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا لە ئیستەنبووڵ رووبەڕووی یانەی فاتیح کاراگومروگ دەبێتەوە.
 
دوای تەواوبوونی ئامادەکاری بۆ وەرزی تازەی تۆپی پێ، یانەی ئامەدسپۆر کە تاکە نوێنەری پارێزگای ئامەدە، رۆژی 11-8-2024 یەکەمین یاریی خۆی لە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا دەکات.
 
یارییەکە کاژێر 7:15ی ئێوارە لە یاریگەی ئۆڵۆمپیی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت.
 
کارگێڕیی یانەی ئامەدسپۆر دەستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوان کردووە و داوا لە هاندەرانی دەکات، لە یاریگە ئامادەبن و لە یەکەمین یاریی ئەم وەرزە لە خولێکی جیاوازدا، هانی یانەکەیان بدەن کە پاڵەوانی وەرزی رابردووی پلە دووەکانی تورکیا بووە.
 
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هانی هاندەرانی دا کە پشتگیریی یانەکەیان بکەن و کارتی پاسۆلیگ (کارتی هاندەرانی ئامەدسپۆر) بکڕن و لە یارییەکاندا ئامادە بن.
 
ئامەدسپۆر لە وەرزی 2023-2024 لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا لە کۆمەڵەی سوور یاریی کرد و توانی بە کۆکردنەوەی 80 خاڵ، پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و ببێتە پاڵەوان. ئەو یانەیە لە کۆی 35 یاری 24 بردنەوە، 8 یەکسانبوونی تۆمارکرد و تەنیا 3 دۆڕانی هەبوو. ئامەدسپۆر 73 گۆڵی تۆمارکرد و 26 گۆڵی لێکرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە