خانمە شۆخەکەی ئۆڵیمپیاد دوورخرایەوە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لوانا ئەڵۆنسۆ ئۆڵیمپیادی پاریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی سەرپێچیکردنی یاساکانی بەشداریکردن لە ئۆڵیمپیاد، خانمێکی وەرزشڤانێکی شۆخ و شەنگ لە گوندی ئۆڵیمپی لە پاریس دوورخرایەوە.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لوانا ئەڵۆنسۆی مەلەوانی تەمەن 20 ساڵی پاراگوایی، دوای ئەوەی لە ئۆڵیمپیاددا شکستیهێنا و بڕیاریدا بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، لەلایەن سەرۆکی شاندی پاراگوایەوە لە گوندی ئۆڵیمپی دووردەخرێتەوە.
 
لاریسا شێرێر، سەرۆکی شاندی پاراگوای لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس بڕیاری دوورخستنەوەی لوانای بە یاریزانەکە راگەیاندووە و دەڵێت "هەڵسوکەوتەکانی ئەو مەلەوانە بوونەتە هۆکاری دروستکردنی دروستبوونی کەشێکی ناجێگیر لە ژووری تیمی پاراگواییدا."
 
دوای ئەوەی لە ئۆڵیمپیاددا شکستیهێنا، لوانا بڕیاڕدەدات گەشتێک بەنێو پاریسدا بکات و چووەتە دیزنی لاند، دوای ئەوە گەڕاوەتەوە گوندی ئۆڵیمیپی و ئەمەش بە پێشێلکردنی یاساکانی مانەوە لە گوندەکە دادەنرێت.
 
لیژنەی ئۆڵیمیپی پاراگوای بڕیارییدا ئەڵۆنسۆ لە شاندی وڵاتەکەی دووربخاتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر وەرزشڤانەکانی دیکە دروست نەکات.
 
لوانا ئەڵۆنسۆ لە رکابەرییەکانی مەلەوانیی 100 مەتریی پەپۆلەدا بەشداریکرد و پلەی شەشەمی بەدەستهێنا، بەمەش نەیتوانی بگاتە قۆناخی کۆتایی رکابەرییەکە و دوای ئەوەش بڕیاریدا بەیەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت.
 
دوای ئەنجامدانی یارییەکانی، لوانا ئەڵۆنسۆ لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "بە روونی پێتان دەڵێم، نەمتوانی ئەوە بەدەستبهێنم کە دەمویست، بەڵام هەست بە سۆزدارییەکی زۆر دەکەم کە ئەمە دوایین دەرکەوتنی من دەبێت و واز لە مەلەوانی دەهێنم."
 
پێشتر بەهۆی ئەوەی نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل لایکی بۆ چەند پۆستێکی مەلەوانە پاراگواییەکە کردبوو، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان وا بڵاویانکردەوە کە یاریزانە بەرازیلییەکە کەوتووەتە داوی خۆشەویستیی لوانا ئەڵۆنسۆ، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەکرایەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە