تایبەت بە رووداو.. یانەی هەولێر دەیەوێت هێرشبەرێکی خولی هۆڵەندا بگوازێتەوە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر گواستنەوەی یاریزانان بڵند حەسەن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر لەسەر هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی تیپێکی بەهێز بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوامە و گفتوگۆ لەگەڵ هێرشبەرێکی خولی تۆپی پێی هۆڵەندا دەکات.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی دێسکی وەرزشی تۆڕی میدیایی رووداو، یانەی هەولێر گفتوگۆ لەگەڵ بڵند حەسەن، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی دیگرافشاپی هۆڵەندی دەکات، کە یانەکەی لە خولی پلە دووی ئەو وڵاتە یاریی دەکات.
 
گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا لە قۆناخەکانی سەرەتادان و یانەی هەولێر دەیەوێت بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ وەرزی نوێ هێڵێکی هێرشبەری بەهێزی هەبێت.
 
بڵند تەمەنی 20 ساڵە، لە ساڵی 2023 گرێبەستی لەگەڵ تیپی یەکەمی یانە هۆڵەندییەکە واژۆکرد و گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2025 بەردەوامدەبێت، بژاردەی نوێکردنەوەشی بۆ ساڵێکی دیکەی لەگەڵە.
 
بڵند ئازاد کلوری حەسەن یاریزانێکی کوردە و لە ئارنهایم لە هۆڵەندا لە دایکبووە، یاریزانەکە لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی عێراق بۆ هەردوو تیپی خوار 20 ساڵ و خوار 23 ساڵان یارییکردووە و لە ئۆڵیمپیادی پاریسیش یەکێک بوو لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق.
 
هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، یانەی هەولێر گفتوگۆی لەگەڵ هەریەکە لە ئۆسامە رەشید، یاریزانی کورد و پێشووی یانەی ڤیزێلای پۆرتوگالی دەکات بۆ ئەوەی یاریزانەکە بۆ یەکەمجار بەدرێسی هەولێرەوە بەشداری لە رکابەرییەکانی خولی عێراقدا بکات.
 
هەوڵەکانی یانەی هەولێر بۆ گواستنەوەی بڵند حەسەن لەکاتێکدایە یانەکە بۆ هێڵی هێرشبەری، گرێبەستی لەگەڵ دانا کامەران، هێرشبەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر و گۆڵکاری وەرزی رابردووی خولی یانە نایابەکانی کوردستان واژۆکردووە.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە