ڤیدیۆ؛ بەلجیکا لە رکابەرییەکی ئۆڵیمپیاد دەکشێتەوە و یاریزانێک 10 جار رشاوەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

خراپی ئاوی رووباری سین، تیپە بەشدارەکانی رکابەرییەکانی یارییە سیانییەکان لە ئۆڵیمپیاددا تووشی کێشەی گەورە دەکات و تیپی بەلجیکا بڕیار کشانەوەی لە رکابەرییەکەدا.
 
دوای ئەوەی کیلەر میشێل، یاریزانی تیپی ترایسلۆنی بەلجیکا تووشی نەخۆشی بوو، لیژنەی ئۆڵیمیپی بەلجیکا بڕیارییدا خۆی لە رکابەرییەکانی یارییە سیانییەکانی ئۆڵیمپیاد بکشێنێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەوان پێیاوایە ئاوی رووباری سین پیسە و بە کەڵکی یارییکردن نایەت.
 
لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆڵیمپیادەوە چەندجارێک رکابەرییەکانی ئەم یارییە بەهۆی خراپی و پیسی ئاوی رووبارەکەوە دواخران، بەڵام دوای ئەوە یارییەکان دەستیانپێکرد، لەگەڵ ئەوەشدا رەخنەی زۆر رووبەڕووی بەرپرسانی فەرەنسا کرایەوە، بەهۆی نائامادەیی ئاوی رووبارەکەوە.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی دەڵێت "لەنێو یاریزانە بەشدارەکانی یارییە سیانییەکاندا رووداوی رشانەوە روویداوە و یەکێک لەوانەش تایلەر میسلاوچوکی یاریزانی کەنەدا بووە کە پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا و 10 جار تووشی رشانەوە بووە."
 
لەسەر ئاستی خانمان، جولیان فێرمیۆلینی بەلجیکی، لە کاتی مەلەکردن لە رووبارەکەدا هەستی بە تامێکی سەیر کردووە و دەڵێت "هەندێک شتی سەیرم بینیووە کە نامەوێت بیریان لێبکەمەوە."

 

لیژنەی ئۆڵیمپی بەلجیکا رۆژی یەکشەممە دوای ئەوەی کیلەر میشێل، یاریزانی تیپەکەیان نەخۆشکەوت، رایگەیاند، کیلەر لەکاتی بەشداریکردنیدا لە رکابەرییەکەدا تووشی نەخۆشی بووە و نەخۆشکەوتنی ئەو جێگەی داخە، بۆیە بڕیاری کشانەوە لە رکابەرییەکە دەدەین."

 
لیژنەی ئۆڵیمیپی بەلجیکا و فیدراسیۆنی یارییە سیانییەکان ئەو وڵاتە کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە ئەمە ببێتە وانەیەک بۆ ئەوەی لە ئۆڵیمپیادەکانی داهاتوودا گەرەنتی رۆژانی مەشق و راهێنان و بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکان بکرێت و پێش دەستپێکردنی رکابەرییەکان دڵنیایی بدرێتە هەموو شاند و یاریزانە بەشدارەکان.



بەهۆی خراپی کوالێتی ئاوی رووبارەکەوە، زیاتر لە سەدەیەک بوو مەلەکردن لەو رووبارەدا قەدەخەکرابوو، یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریش بۆ ئامادەکردنی رووبارەکە بۆ یارییەکانی ئۆڵیمپیاد خەرجکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی تیپە بەشدارەکانی یارییە سیانییەکاندا نەبوو.