جامی عێراق؛ یانەی هەولێر نەبووە پاڵەوان و بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر بە قوە جەوییە دۆڕا

رووداو دیجیتاڵ

بۆ بەدەستهێنانی جامی عێراق، کاژێر 08:00ـی ئەمشەو هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە لە یاریگەی شەعب لە بەغدا بەرامبەر یەکدی بوونەوە، لە ئەنجامیشدا یانەی هەولێر بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر دۆڕا و نەیتوانی ناسناوەکە بەدەستبهێنێت.
 
ئەوە  یەکەمجار بوو هەولێر بۆ یاری کۆتایی جامی عێراق سەربکەوێت، بۆیە بە ورەیەکی بەرزەوە تاوەکو خولەکی کۆتایی هێرشی کرد، بەڵام نەیتوانی هیچ گۆڵێک تۆمار بکات، لە بەرامبەردا قوە جەوییە کە هەشت جار لە یاریی کۆتاییدا یاریی کردبوو و پێنج جار ناسناوەکەی بەدەستهێنابوو، بردییەوە.
 
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا یانەی هەولێر بە هێرشبردن دەستیپێکرد، بەڵام لە خولەکی 28ـدا موهەنەد عەبدولرەحیم، هێرشبەری یانەی قوە جەوییە گۆڵێکی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندیی قوە جەوییە کۆتاییهات.
 
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا هێرشەکانی یانەی هەولێر بۆ سەر قوە جەوییە زیاتر بوون و لە ناوەڕاست و هەردوو قۆڵی یاریگەکەوە هێرشیان دەکرد، بەڵام تاوەکو خولەکی کۆتایی یارییەکە، نەیانتوانی هیچ گۆڵێک تۆمار بکەن و یارییەکە بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندیی قوە جەوییە کۆتاییهات و بۆ شەشەمین جار توانیان ناسناوی جامی عێراق بەدەستبهێنن.
 
یانەی زەوڕا خاوەنی زۆرترین ناسناوی جامی عێراقە لە مێژوودا کە 16 جار جامەکەی بەدەستهێناوە، قوە جەوییە شەش جار جامەکەی بەرزکردووەتەوە و بە گشتی تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەکی دەرەوەی بەغدا، نەیتوانیوە جامی عێراق بەرزبکاتەوە.