ئەگەری هەیە گرێبەستی گوندۆگان لەگەڵ بارسێلۆنا هەڵبوەشێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سوپرایزێکی گەورە بەڕێوەیە و ئەگەری هەیە یانەی بارسێلۆنا، ئیلکای گوندۆگانی یاریزانی ئەڵمانی لەدەستبدات و یاریزانەکە بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، ئەگەری هەیە ئیلکای گۆندۆگان بەر لە دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا ریزەکانی بارسێلۆنا جێبهێڵێت.
 
یاریزانە ئەڵمانییەکە لە هاوینی ئەمساڵدا بە گرێبەستێکی ئازاد و بێ بەرامبەر پەیوەندی بە ریزەکانی پاڵەوانی خولی ئیسپانیاوە کرد، دوای ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی تەواوبوو.
 
ئیلکای گوندۆگان رەزامەندی نیشاندا پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە بکات بەو مەرجەی تاوەکو 12ـی ئاب ناوی تۆماربکرێت بۆ ئەوەی لە خولەکەدا یاری بکات، واتە رۆژێک پێش یاریی یەکەمی یانەکەی لە لالیگادا، کە بەرامبەر خیتافی دەبێت.
 
بەپێچەوانەوە گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێتەوە و بەرەو یانەیەکی نوێ دەڕوات، کە ئەویش بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر دەبێت، واتا گرێبەستەکەی نێو کامپ نو هەڵدەوەشێتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەی 8 رۆژ ماوە بۆ وادەی کۆتایی ناو تۆمارکردن لە لالیگادا، دۆخەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، هەرچەندە  یاریزانەکە و یانەکە متمانەیان بەوە هەیە کە ناو تۆمارکردنی لە کاتی خۆیدا تەواو دەبێت، کە خەریکە وادەکەی بەرەوە کۆتایی دەچێت.