سەرۆکی یانەی هەولێر: بەخت یاوەر بێت بە کاسەوە دەگەڕێینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یانەی هەولێر دەڵێت، ''هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی یاریی کۆتایی جامی عێراق ببەینەوە''؛ گوتیشی، پارێزگاری هەولێر لە ئەگەری بردنەوەی یانەکەدا، بەڵێنی خەڵاتکردنێکی ''زۆر باش''ـی بە یاریزانان داوە.
ئەمشەو (شەوی شەممە، 5-8-2023) کاژێر 20:00 لە یاریگەی شەعب لە بەغدا، هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە لە یاریی کۆتایی تۆپی پێی جامی عێراقدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکیشی دەکات، رایگەیاند ''وەکو دەستەی کارگێڕی، بەرپرسانی وەرزشی و حکومی، ئامادەکاریی پێویستمان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوێکی دیکە بۆ یانەی وەرزشیی هەولێر کردووە.''
وەلید عارەب گوتی، ''ئەو کەشوهەوایەی بۆ یاریزانان و راهێنەران رەخساوە، تاوەکو ئێستا لە رابردوودا نەبینراوە و ئەوەی لە تواناماندا بووە بۆمان کردوون؛ بەخت یاوەر بێت بە کاسەوە دەگەڕێینەوە هەولێر."
بۆ ئەوەی یاریزانانی یانەی هەولێر بتوانن بە دەروونێکی ئارامەوە یاریی کۆتایی بەرامبەر قوە جەوییە لە جامی عێراق بکەن، پسپۆرێکی دەروونناسی وەرزشی و پێکانەکان، یارمەتییان دەدات. سەرۆکی یانەی هەولێر گوتی، ''یاریزانان بە دەروونێکی ئارامەوە لە شوێنێکی تایبەتی بەغدا دەمێننەوە و هیچ گوشارێکی دەروونییان لەسەر نییە.''
وەلید عارەب باسی لەوە کرد؛ زیاتر لە پێنج هەزار هاندەری یانەی هەولێر ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی لە یاریگە ئامادە بن؛ گوتیشی، ''پاڵپشتی ئەو هاندەرانە لە یاریزانان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر یارییەکە دەبێت و هۆکاری سەرەکیی بەشێکی زۆری سەرکەوتنەکانی یانەی هەولێر، بوونی هاندەرانی بووە.''