رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یانەی هەولێر دەڵێت، ''هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی یاریی کۆتایی جامی عێراق ببەینەوە''؛ گوتیشی، پارێزگاری هەولێر لە ئەگەری بردنەوەی یانەکەدا، بەڵێنی خەڵاتکردنێکی ''زۆر باش''ـی بە یاریزانان داوە.
ئەمشەو (شەوی شەممە، 5-8-2023) کاژێر 20:00 لە یاریگەی شەعب لە بەغدا، هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە لە یاریی کۆتایی تۆپی پێی جامی عێراقدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکیشی دەکات، رایگەیاند ''وەکو دەستەی کارگێڕی، بەرپرسانی وەرزشی و حکومی، ئامادەکاریی پێویستمان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوێکی دیکە بۆ یانەی وەرزشیی هەولێر کردووە.''
وەلید عارەب گوتی، ''ئەو کەشوهەوایەی بۆ یاریزانان و راهێنەران رەخساوە، تاوەکو ئێستا لە رابردوودا نەبینراوە و ئەوەی لە تواناماندا بووە بۆمان کردوون؛ بەخت یاوەر بێت بە کاسەوە دەگەڕێینەوە هەولێر."
بۆ ئەوەی یاریزانانی یانەی هەولێر بتوانن بە دەروونێکی ئارامەوە یاریی کۆتایی بەرامبەر قوە جەوییە لە جامی عێراق بکەن، پسپۆرێکی دەروونناسی وەرزشی و پێکانەکان، یارمەتییان دەدات. سەرۆکی یانەی هەولێر گوتی، ''یاریزانان بە دەروونێکی ئارامەوە لە شوێنێکی تایبەتی بەغدا دەمێننەوە و هیچ گوشارێکی دەروونییان لەسەر نییە.''
وەلید عارەب باسی لەوە کرد؛ زیاتر لە پێنج هەزار هاندەری یانەی هەولێر ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی لە یاریگە ئامادە بن؛ گوتیشی، ''پاڵپشتی ئەو هاندەرانە لە یاریزانان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر یارییەکە دەبێت و هۆکاری سەرەکیی بەشێکی زۆری سەرکەوتنەکانی یانەی هەولێر، بوونی هاندەرانی بووە.''
سەرۆکی یانەی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو کە یاریزانەکان لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە بەڵێنیان پێدراوە، لە ئەگەری سەرکەوتن لە یاریی کۆتایی جامی عێراق، بە شێوەیەکی زۆر باش خەڵات دەکرێن و گوتیشی، ''کەسێکی شاری هەولێریش بەڵێنی پێداون ئەگەر یارییەکە ببەنەوە، گەشتێکی حەوت رۆژەیان بۆ رێکدەخات، لە هەر وڵاتێک کە خۆیان بیانەوێت.''
یانەی هەولێر دوای بردنەوەی لە یانەی حدوود، گەیشتە یاریی کۆتایی جامی عێراق، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر ناسناوی خولی عێراقیشی بەدەستهێناوە.
هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە مێژووییەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە، بەڵام مێژووەکە لە بەرژەوەندیی یانەکەی بەغدایە و لە 58 یاریی نێوانیاندا، قوە جەوییە لە 37 یاریدا لە هەولێری بردووەتەوە و هەولێریش تەنیا 11 یاریی لە جەوییە بردووەتەوە و 10 یاریی نێوانیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ