ڤیدیۆ؛ رووداو رووماڵێکی گەورەی بۆ یاریی کۆتایی جامی عێراق دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی عێراق، لەنێوان هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە، لە یاریگەی شەعب لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی گەورەی بۆ یارییەکە دەبێت.
 
کاژێر 20:00 یارییەکە ئەنجامدەدرێت، هەولێر یەکەمجارە لە مێژوودا دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و دەیەوێت یەکەم نازناوی جامی عێراق لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلابکاتەوە، بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆی زیاتر لە 5 هەزار هاندەر لە رێگەی پاسەوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون و دەیانەوێت لەنێو یاریگەدا پاڵپشتیی یانەکە بکەن.
 
تۆڕی میدیایی رووداو راستەوخۆ یارییەکە بە دوو کۆمێنتاری کوردی و عەرەبی دەگوازێتەوە، بەر لەوەش بەدرێژایی ئەمڕۆ رووماڵێکی بەرفراونی یارییەکە دەکات.
 
سامان وڵاتژێری، پێشکێشکاری وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت "رووداو رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای گواستنەوەی یارییەکە کردووە، یارییەکە راستەوخۆ دەگوازرێتەوە، لە بوولتەنەکانی هەواڵدا بە میوانداریی ئەستێرەکانی پێشووی یانەی هەولێر و شڕۆڤەکاران، یاریزانان و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە زۆرترین زانیاریی و گرافیک لەبارەی یارییەکەوە دەخرێنەروو."
 
لەبارەی ئەوەی هەولێر دەتوانێت نازناوەکە بباتەوە؟ سامان وڵاتژێری دەڵێت "رۆحیەتی بەرزی هەولێر و ئەو گوشارە دەروونییەی لەسەر یانەی قوە جەوییە بۆ لەدەستدانی خولی عێراق، پاڵنەری بەهێز دەبن بۆ یانەی هەولێر، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە یارییە و بزانین کامیان باشتر یارییدەکات و نازناوەکە یەکلادەکاتەوە."