ڤیدیۆ؛ حوسام فەوزی: هەولێر لە جەوییە زیاتر پاڵنەری هەیە بۆ بردنەوەی جامی عێراق

رووداو دیجیتاڵ

 

حوسام فەوزی، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر، باس لەوە دەکات کە یانەکەیان پاڵنەری زیاتری لە قوە جەوییە هەیە بۆ بردنەوەی نازناوی جامی عێراق. دەشڵێت "چۆن ئەوان جامەکەیان دەوێ ئێمەش دەمانەوێ".
 
ئەمشەو کاژێر 20:00 لەسەر یاریگەی شەعب لە بەغدا، هەردوو یانەی هەولێر و جەویە لە یاریی کۆتایی جامی عێراقدا، رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
حوسام فەوزی، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە پوختەی قسەکانی بەمشێوەیە بوون:
 
بەناوی خوای گەورە، بێگومان سەرەتا سوپاسی هەموو دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم، بۆ ئامادەبوونیان و بۆ رووماڵکردنی ئەم بۆنەیە کە یاریی کۆتایی جامی عێراقە، دەمەوێ ئەوە روون بکەمەوە کە ئارەزوو و ئامانجمان بۆ بردنەوەی جامی عێراق وەک جەوییەیە، وەک چۆن ئەوان جامەکەیان دەوێ ئێمەش دەمانەوێ، کە ئەمە یەکەمجارە یانەی هەولێر دەگاتە ئەم قۆناخە، یاریی کۆتایی جامی عێراق. 
 
جەوییە زیاتر لە جارێک جامەکەی بردووەتەوە، بۆیە لەوانەیە هەولێر پاڵنەرێکی زیاتری هەبێت بۆ بەدەستهێنانی جامەکە. هەروەها پشتیوان بەخوا دەتوانین هاوکێشەی یاریکردنی یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا پێچەوانە بکەینەوە، کە یانەی جەویە لەسەر یاریگەی خۆی یاری دەکات و لەوانەیە وەک چۆن ئەمە ئەرێنییە بۆ ئەوان لەوانەیە هەندێجار یارییەکە لە بەرژەوەندی ئێمە دەبێت، بەشێوەیەک ئەگەر ئەوان دوابکەون لە گۆڵکردن و ئێمە بتوانین گۆڵی خۆمان بپارێزین، ئەوا دەکرێت یارییەکە بەباشی ئیدارە بدەین و بگەینە ئەنجامێکی باش.