هەولێر لەبەردەم مێژوویەکی گەورەدایە و دەیەوێت یەکەم نازناوی جامی عێراق بباتەوە

05-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هاندەرانی یانەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاژێرەکان بۆ دەستپێکردنی یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی مێژوو بۆ یانەی هەولێر سات بە سات بەرەو کۆتایی دەچن، هەولێر و کوردستان چاویان لە بەغدا دەبێت بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا یانەی هەولێر نازناوی جامی عێراق بباتەوە.
 
کاژێر 20:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریگەی شەعب لە بەغدا، یانەی هەولێر یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی مێژووی ئەنجامدەدات، کاتێک بەرامبەر یانەی قوە جەوییە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی جامی عێراق دەکات.
 
هەولێر یەکەمجارە لە مێژوویدا دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و تیپەکە هەموو ئامادەکارییەکی کردووە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ رێگەکەی بەسەرکەوتوویی تەواوبکات و بەبردنەوەی نازناوەکەوە لە بەغداوە بگەڕێتەوە.
 
هەولێر لە یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی حدوود بەدەستهێنا، دوای ئەو یارییە و گەیشتن بە یاریی کۆتایی، شاندی یانەکە بە رێزێکی گەورەوە گەڕانەوە هەولێر، پارێزگاری هەولێر رێزلێنانی پێشکێشکردن و لەلایەن سەرۆکوەزیرانیشەوە ئێوارەخوانێکیان بۆ رێکخرا.
 
هەولێر بەسەرجەم یاریزانەکانی و تیپی یەکەم و دووەمی، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری میدیاکار لە هەولێرەوە چووەتە بەغدا، یانەکە ئێوارەی رۆژی هەینی لە کەشێکی سەرنجڕاکێشدا دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی ئەنجامدا و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و چاوەڕێی فیکەی دەستپێکی یارییەکە دەکات.
 
هەولێر خاوەنی چوار نازناوی خولی عێراقە، بەڵام هەرگیز ئەم جامەی نەبردووەتەوە و یەکەمجارە هەلی بردنەوەی نازناوەکەی بۆ رێکدەکەوێت.

 

هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە مێژووییەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە، بەڵام مێژووەکە لە بەرژەوەندیی یانەکەی بەغدایە، لە 58 یاریی نێوانیاندا قوە جەوییە لە 37 یارییدا لە هەولێری بردووەتەوە، قەڵای زەرد تەنیا 11 یاریی لە جەوییە بردووەتەوە و 10 یاریی نێوانیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتوون.
 
لەو یارییانەی هەردوو یانە بەرامبەر یەکدی ئەنجامیداون، هەولێر 39 گۆڵی تۆمارکردووە و قوە جەوییە 110 گۆڵی بەرامبەر یانەی هەولێر تۆمارکردووە.
 
بۆ ئەم یارییە گرنگ و مێژووییە زیاتر لە 5 هەزار هاندەر ناوی خۆیان لەلایەن دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێرەوە تۆمارکردووە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ریزێک پاس بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەنێو یاریگەدا پاڵپشتیی یاریزانانی یانەی هەولێر بکەن.



یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە کاژێر 20:00 بەکاتی باشووری راستەوخۆ لەسەر پەیجی رووداو سپۆرتس بە کۆمێنتاریی عەبدولسەمەد خۆشناو  لاوین هابیل دەگوازرێتەوە و تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکەم میدیای کوردی مافی گواستنەوەی یارییەکەی دەبێت.
 
بەر لە بەڕێکەوتنی شاندی یانەی هەولێر بەرەو بەغدا، پارێزگاری هەولێر، قایمقامی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە کوردستان و چەندین هاندەری یانەکە لە رێوڕەسمی بەڕێکەوتنی یانەکەدا ئامادەبوون و پاڵپشتیی خۆیان بۆ تیپەکە دووپاتکردەوە.
 
جگە لەوەش ئەمشەو لە پارکی شار لە هەولێر شاشەیەکی گەورە دادەنرێت و هەزاران هاندەر لەنێو سەنتەری شاری هەولێر بینەری یاریی کۆتایی جامی عێراق دەبن، لەنێوان هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە.


 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە