پێرێز داوایەکی ئەنچێلۆتی رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، داوای لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەی کردووە گرێبەست لەگەڵ هاری کەین هێرشبەری یانەی تۆتێنهام بکات بۆ ئەوەی جێگەی کەریم بنزیما بگرێتەوە. 
 
کەریم بنزیما لەم هاوینەدا ریزەکانی ریال مەدریدی جێهێشت، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ئیتیحادی سعودی بکات.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، بە پشتبەستن بە هەواڵێکی میدیاکانی فەرەنسا، ئاشکرایکردووە، ئەنچێلۆتی هێرشبەرە ئینگلیزییەکە بە باشترین بژاردە دەزانێت بۆ ریال مەدرید.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید داواکەی ئەنچێلۆتی رەتکردووەتەوە، چونکە ئامانجی سەرەکی یانەکە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانە لەم هاوینەدا.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە هاری کەین لەلایەن یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە داواکراوە، پێشتریش کەین رەزامەندی خۆی داوە بۆ ئەوەی بچێتە ئەلیانز ئارێنا، لە ماوەی ئەم مێرکاتۆیەدا.
 
یانە ئەڵمانییەکە دەستەوارەیەکی 100 ملیۆن یۆرۆیی پێشکێشی یانەی تۆتێنهام کرد بۆ ئەوەی دەستبەرداری یاریزانە ئینگلیزییەکە ببێت و چاوەڕێی بڕیاری یانەی سپێرز دەکات.