یانەی بارسێلۆنا: مێسی لەگەڵمان بەردەوام نابێت


رووداو دیجیتاڵ 

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەفەرمی رۆیشتنی مێسی لە یانەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کردووە، "بەهۆی ئاستەنگی ئابووری و رێوشوێنی کارگێڕی، مێسی گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە."
 
یانەی بارسێلۆنا لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، هەرچەندە یانەی بارسێلۆنا و لیۆنێل گەیشتنە رێککەوتن و ویستی خۆیان بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ راگەیاند، بەڵام ئەو رێککەوتنە جێبەجێناکرێت، ئەوەش بەهۆی ئاستەنگە ئابووری و کارگێڕییەکانەوە. 

یانەی بارسێلۆنا لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، وەک ئەنجامی ئەو ئاستەنگانە، مێسی لە بارسێلۆنا نامێنێتەوە و هەردوولایەنیش (واتە مێسی و بارسێلۆنا) زۆر نیگەرانن کە ویستی یاریزانەکە و یانەکەش جێبەجێ ناکرێت. 

یانەی بارسێلۆنا سوپاسی یاریزانە ئەرجەنتینیەکە دەکات ئەوەش لە بەرامبەر یاریکردنی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا و ئومێدی سەرکەوتنی لە ژیانی پیشەیی و تایبەتیدا بۆ دەخوازێت. 

لیۆنێل مێسی یاریزانێکی ئەرجەنتینیە و لە ساڵی 1987 لەدایکبووە و 34 نازناوی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بەدەستهێناوە، لەوانەش 10 نازناوی لالیگا، 7 نازناوی کۆپا دیل رەی و 4 چامپیۆنیز لیگ و بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکان لە مێژووی تۆپی پێش دادەنرێت.