ئەمڕۆ یۆرۆپالیگ دەستپێدەکاتەوە.. ئینتەر و خیتافی یاری یەکلاکەرەوە دەکەن

05-08-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یۆرۆپالیگ ئینتەرمیلان
A+ A-

رووداو دیجیتال

دوای زیاتر لە 5 مانگ دابڕان، ئەمڕۆ یۆرۆپالیگ دەستپێدەکاتەوەو یارییەکانی قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەدەچن، کە 6 لەو رووبەڕووبوونەوانە یاری گەڕانەوەن و بەر لە هاتنی کۆرۆنا یارییەکانی چوون ئەنجامدراون، بەڵام دوو لەو یارییانە یەکلاییکەرەوە دەبن و لەسەر یاریگەی بێلایەن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن، بەو پێیەی کۆرۆنا دەرفەتی نەدا یاری چوون ئەنجام بدرێت. یەکەمیان رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئینتەرمیلانی ئیتاڵی و خیتافی ئیسپانییە، دووەمیشیان یاری سێڤییای ئیسپانی و رۆمای ئیتاڵییە، کە ئەمەیان سبەینێ دەکرێت. 

ئەمڕۆ چوار یاری بەڕێوەدەچن کە بە یاری شاختاری ئۆکراینی و ڤۆلفسبۆرگی ئەڵمانی دەستپێدەکات. شاختار لە یاری چووندا لە دەرەوی یاریگەی خۆیدا 2 - 1 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ئەمجارە لەسەر یاریگەی خۆی ئەرکی ئەڵمانەکان قورس دەکات.

لە یارییەکی دیکەدا مانچێستەر یونایتد لەسەر یاریگەی ئۆلترافۆرددا میوانداری لاسکی نەمسایی دەکات، کە پێدەچێت ئەمە تاکە یاری ئەم قۆناخە بێت لە یاری چوونەوە یەکلایی بووبێتەوە، چونکە ئینگلیزەکان لە دەرەوی یاریگەی خۆیاندا 5 بە هیچ براوە بوونە.

ئەرکی باشاکشەهیری پاڵەوانی خولی تورکیاش ئاسان نابێت بەرامبەر کۆپێنهاگن، ئەگەرچی یاری یەکەمی بە گۆڵێکی بێوەڵام بردووەتەوە، بەڵام دانیمارکییەکان دەکرێت لەسەر یاریگەی خۆیان قسەیەکی دیکەیان هەبێت.
 
یاری بەهێز و یەکلاییکەرەوەی ئەمڕۆ، ئینتەرمیلان و خیتافی لەسەر یاریگەی ڤێلسن ئارینا لە ئەڵمانیا کۆدەکاتەوە، کە ئەوان نەیانتوانی یاری چوون بکەن، بۆیە براوەی ئەم یارییە راستەوخۆ بلیتێکی قۆناخی چارەگی پاڵەوانێتییەکە وەردەگرێت.

راستە ئامانجی ئەنتۆنیۆ کۆنتی لە یاری ئەمڕۆ گەرورەترە، چونکە راشکاوانە گوتی دەمەوێ نازناوی یۆرۆپالیگ ببەمەوە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانێت کە یانەکەی بەرامبەر یانە ئیسپانییەکان مێژوویەکی باشی نییە، کە لە دوایین 12 یارییدا بەرامبەر ئیسپانییەکان تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، ئەگەرچی خودی خیتافی یەکەمجارە لە قۆناخەکانی یەکلاکەرەوەی خولەکانی ئەوروپادا بەرامبەر ئیتاڵییەکان یاری دەکات و ئەگەر لە ئینتەر بباتەوە دەبێتە دووەمجار بگاتە قۆناخی 8 کە لە 2007 بە دۆڕان بەرامبەر بایرن میونشن دەرکرا.

هەرچۆنێک بێت ئینتەریش دەیەوێت دوای 9 ساڵ بۆ جاری یەکەم بگاتەوە قۆناخی 8ـی خولێکی ئەوروپی. پرسیار ئەوەیە ئایا کوڕانی کۆنتی دەتوانن ئەو کارە بکەن بەرامبەر بە تیپێک کە لە پاڵەوانێتی ئەمساڵدا خاوەنی چوارەم باشترین بەرگرییە و 4 کلین شیتی هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە